پۆلیسی ئەڵمانیا؛ پێنج گومانلێکراو دەستگیر دەکات

وێنەی هێرشی سەر بازاڕەکەی بەرلین. وێنە: ئاڕ تی عەرەبی
وێنەی هێرشی سەر بازاڕەکەی بەرلین. وێنە: ئاڕ تی عەرەبی

پۆلیس و داواکاری گشتیی ئەڵمانیا، لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا، دەستگیرکردنی پێنج کەسیان ڕاگەیاند کە گومان دەکرێت سەر بە ئیسلامییە توندڕەوەکان بن و پلانیان بۆ ‌هێرشکردنە سەر بازاڕی جەژنی کریسمس لە هەرێمی باڤاریا، لە باشووری وڵات، دارشتبێت.

یەکشەممە، 14ـی کانوونی یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بڵاوی کردەوە "بە گوێرەی ڕاگەیەنراوە هاوبەشەکە، درەنگانی شەوی ڕابردوو، سێ پیاوی مەغریبی تەمەن 22 و28 و 30 ساڵ  و پیاوێکی میسریی تەمەن 56 ساڵ و سوورییەکی تەمەن 37 ساڵ، لەسەر سنووری نێوان ئەڵمانیا و نەمسا دەستگیر کراون."

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "گومانلێکراوەکان بە نیاز بوونە بە سواری ئۆتۆمبیلێک، بە خێراییەکی زۆر خۆیان بکەن بە بازاڕێکی قەرەباڵغ لە ناوچەی دینگولفینج-لانداو، لە هەرێمی باڤاریا، بۆ ئەوەی زۆرترین کەسی ئامادەبووانی ئەو بازاڕە بکوژن و بریندار بکەن."

پۆلیس و داواکاری گشتیی ئەڵمانیا، لایانوایە، ئەوانە سەر بە ڕەوتێکی توندڕەوی ئیسلامین.

ساڵی 2016، ئیسلامییەکی توندڕەو بە بارهەڵگرێکەوە خۆی کرد بە بازاڕێکی کریسمس لە ناوەندی بەرلین و لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و ژمارەیەکیش بریندار بوون. مانگی 12ی پاریش لە هێرشێکی چەکداریدا لە بازاڕێکی شاری ماگدبۆرگ، لە هەرێمی ساکسۆنیا-ئانهاڵت، ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل کوژران.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل