نهێنیی لەرزینی شاشەی گووگڵ لە کاتی نووسینی ژمارە '67' چییە؟
بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت دووچاری سەرسووڕمان بوون کاتێک بۆیان دەرکەوت بە نووسینی ژمارەیەک، شاشەی گووگڵ دەست بە لەرزین دەکات؛ دەرکەوتووە ئەمە تایبەتمەندییەکی شاراوەی کۆمپانیاکەیە و پەیوەندیی بە ترێندێکی جیهانیی تیکتۆکەوە هەیە.
ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس لە دیاردەیەکی سەرنجڕاکێش دەکرێت لە بزوێنەری گەڕانی گووگڵدا، ئەویش جووڵان و "لەرزینی شاشە"یە بە شێوەیەی شەپۆلئاسا، تەنیا بە نووسینی ژمارە "67" لە خانەی گەڕاندا. ئەم تایبەتمەندییە کە سەرنجی زۆری بەکارهێنەرانی ڕاکێشاوە، مشتومڕی لەسەر هۆکارەکەی دروست کردووە.
بەگوێرەی زانیارییە تەکنیکییەکان، دەرکەوتووە ئەم جووڵەیە یەکێکە لە تایبەتمەندییە خۆشیبەخش و شاراوەکانی گووگڵ ناسراو بە"Easter Egg" ، کۆمپانیاکە ناوبەناو بۆ سەرسامکردنی بەکارهێنەرانی زیادی دەکات.
سەبارەت بەوەی بۆچی ژمارە 67 هەڵبژێردراوە، هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ ترێندێکی بەناوبانگی جیهانی بەناوی "6-7" (Six Seven) کە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا، بەتایبەتی تیکتۆک، زۆر بڵاوبووەتەوە و بووەتە"ترێند".
ئەم ترێندە پەیوەستە بە گۆرانییەکی ڕاپەر (Skrilla) بە ناوی "Doot Doot (6 7)"، کە تێیدا جۆرێک لە سەما و جووڵەی دەستی دەکرێت ، ئەندازیارانی گووگڵیش ویستوویانە لە ڕێگەی لەرزاندنی شاشەکەوە، لاسایی ڕیتمی گۆرانییەکە بکەنەوە.
