جەدعون ساعر: هێرشەکەی ئوسترالیا چاوەڕوانکراو بوو

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، ڕووداوی تەقەکردن لە جووەکانی ئوسرالیا لە کاتی ئاهەنگ گێڕانیان چاوەڕوانکراو بوو، لەمبارەیەوە چەندین جار ئەو وڵاتەمان ئاگادارکردوەتەوە.

یەکشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەڵێت:"لە کاتێکدا ماوەی دوو ساڵە لە ئوسترالیا خۆپیشاندان دژی ئیسرائیل ئەنجام دەدرێت، بە دیاریکراویش لە شاری سیدنی، ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە ئەمرۆ ڕوویدا. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیل لە بارەی هێرشکردنە سەر جووەکانی ئەو وڵاتە، چەندین جار هۆشداری داوە بە ئوسترالیا، بەڵام بە داخەوە وڵاتەکە وەکو پێویست نەیتوانی پارێزگاری لە جووەکان بکات، بۆیە پێوسیتە لەسەر حکوومەتی ئوسترالیا ئەم هەڵەیە ڕاست بکاتەوە. 

لە لای خۆیەوە، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، هێرشی سەر جووەکانی سیدنی بە کردوەیەکی تیرۆرستی ناو بردووە، هاوکات داوای کردووە دەسەڵاتدارانی ئوسترالیا، هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ پارێزگاری کردن لە هاووڵاتیان و گەشتیاران کە سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن، بە تایبەتی ئاگاداری کردەوەی لەم شێوەیە بن و ڕێگە نەدەن کردەوەی تیرۆریستی هاوشێوە لەو وڵاتەدا ئەنجام بدرێت. 

لە بارەی هێرشەکەی سیدنی، ئیتیمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، دەڵێت:"حکوومەتی ئوسترالیا کە دانی ناوە بە دەوڵەتی فەڵەستین، شەرعیەتی داوە بە کردەوەی تیرۆریستی دژی جووەکان، بەرپرسیارییەتی ئەو هێرشە لە ئەستۆی ئەواندایە. 

میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی، ڕایانگەیاندووە، ئیسرائیل وای دەبینێت کە ئێران لە پشتی ئەم کردەوە تیرۆریستیەوە بێت، گومانیان هەیە لە بوونی دەستی ئێران لە ڕووداوەکە. 

دووشەممە، 14ی کانوونی دووەمی 2025، پۆلیسی ئۆسترالیا ڕایگەیاند، ڕووداوێکی تەقەکردن لە کەناراوی بەناوبانگی بۆنـدیی شاری سیدنی ڕوویداوە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، نزیکەی 15 کەس لە ڕووداوەکەدا بوونەتە قوربانی.

پۆلیسی ویلایەتی 'نیو ساوس وێڵز' پشتڕاستی کردەوە، دوو کەسی دەستگیر کردووە کە پەیوەندییان بە ڕووداوەکەوە هەبووە. بە گوێرەی پۆلیس، ئەو دوو کەسە لە کاتێکدا تەقەیان لە خەڵکەکە کردووە، نزیکەی دوو هەزار جوولەکە لە کەناراوی بۆندی خەریکی ئاهەنگگێڕان بوون.

پۆلیس لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" (X) هۆشداری داوە و داوای لە هاووڵاتییان و گەشتیاران کردووە بۆ سەلامەتی گیانیان لە کەناراوی 'بۆندی' دوور بکەونەوە، چونکە ئەو شوێنە لە ئێستادا بە سەلامەت دانانرێت.

ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆک وەزیرانی ئۆسترالیا، لەبارەی ڕووداوەکە ڕایگەیاند "ئاگاداری دۆخی ئەمنی بەردەوامین لە بۆندی، داوا لە خەڵکی ناوچەکە دەکەین بۆ سەلامەتی گیانیان پابەندی ڕێنمایی و هۆشدارییەکانی پۆلیسی نیو ساوس وێڵز بن".

هەروەها لە گرتە ڤیدیۆییەکانی بڵاوکراوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، دیمەنی پەرشوبڵاوبوونی خەڵک لە کەنارەکە دەبینرێت، لەگەڵ بیستنی دەنگی تەقە و زەنگی ئاگادارکەرەوەی پۆلیس.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل