وەزارەتی ناوخۆی سووریا: بەرەنگاربوونەوەی داعش لە پێشینەی کارەکانمانە
وەزارەتی ناوخۆی سووریا دووپاتی کردەوە، بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش کاری لە پێشینەیانە ئەمەش لە پێناو کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنیی وڵات، پاراستنی کۆمەڵگە و بەرقەرارکردنی ئاشتی.
یەکشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لە بارەی ڕووداوەکەی دوێنێ لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: لە نزیک شاری تەدمور، کاروانێکی هێزە هاوبەشەکانی سووریا و ئەمەریکا لە کاتی کۆبوونەوەیان بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی بەرەنگاربوونەوەی داعش، کەسێکی سەر بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە دزەی کردە نێو شوێنی کۆبوونەوەکە و تەققەی لە هێزە هاوبەشەکان کرد، لە ئەنجامدا گیان لەدەستدانی دوو سەربازی ئەمەریکی و وەرگێڕێکی لێ کەوتەوە، هەروەها دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
وەزارەتەکە، لە ڕاگەیەنراوەکەدا، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی داعشی بۆ سەر کاروانی هێزە هاوبەشەکانی سووریا و ئەمەریکا کرد و گوتی: هێرشەکە ئامانج لێی تێکدانی ئاسایش، سەقامگیری و لەباربردنی هەوڵە هاوبەشەکانە لە جەنگی دژی تیرۆردا.
هاوکات وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش کاری لە پێشینەیانە ئەمەش لە پێناو کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنیی وڵات، پاراستنی کۆمەڵگە و بەرقەرارکردنی ئاشتی.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەتی سووریا پێشتر هۆشداریدابوو لە بارەی "هەوڵەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ ئەنجامدانی هێرش بە ئامانجی تێکدانی دۆخی ئەمنیی وڵاتەکە".
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، سووریا بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبێت.
