وەزیرانی دەرەوەی سووریا و ئەمەریکا هەڵگرتنی سزاکانی قەیسەریان تاوتوێ کرد
وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنجام داوە و تێیدا جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییە نوێیەکانی نێوان هەر دوو وڵات کراوەتەوە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا پرسە و سەرەخۆشییان ئاڵوگۆڕ کردووە سەبارەت بە ڕووداوەکەی شاری تەدمور و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە ئەو کردەوەیە هەوڵێکی ترسنۆکانەیە بۆ تێکدانی سەقامگیری و لێکترازانی ئەو پەیوەندییە سووری ئەمەریکییەی کە تازە لەدایکبووە.
شەیبانی، ڕووداوەکەی بە ئاڵنگارییەکی نوێ لە بەردەم ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ناوبرد و جەختی کردەوە لە گرنگی کارکردنی هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمەریکا.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی سووریا پەیامی پرسە و سەرەخۆشیی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریای گەیاندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ پشتیوانییەکانی واشنتن بۆ سووریا و کارکردن بۆ خێرا هەڵگرتنی سزاکانی یاسای قەیسەر.
لای خۆیەوە مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامی پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی بۆ حکوومەتی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەشداریکردن لە ڕەخساندنی دۆخی گونجاو بۆ بووژانەوەی ئابووریی سووریا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردبووە و تێیدا ئاماژەی دابوو، لە ئەنجامی بۆسەیەک لە سووریا لە لایەن داعشەوە سێ هاووڵاتی ئەمەریکی کوژران و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
