ترەمپ: لە سێ ڕووداوی جیاوازدا لە ئوسترالیا و سووریا و ئەمەریکا 16 کەس کوژران

لە پەیامێکدا سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی ئوسترالیا 11 کەس و لە زانکۆیەکی ئەمەریکا 2 کەس و لە سووریاش 3 سەربازیان کوژراون، جەختیشی کردەوە کە حکومەتی سووریا هیچ پەیوەندییەکی بە کوژرانی سەربازەکانەوە نییە.

یەکشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپییەوە لە وتارێکدا لە بەردەم ئامادەبووان، ڕایگەیاند: بەداخەوە لە ئوسترالیا هێرشێکی ترسناک ڕوویدا کە دژی جووەکان بووە، بە هۆیەوە 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و 29ی دیکەش بە سەختی بریندار بوون. ترەمپ هاوخەمی خۆی بۆ سەرۆک وەزیران و گەلی ئوسترالیا دەربڕی.

سەبارەت بە دۆخی سووریا، سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە لەوێش ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە و سێ سەربازی ئەمەریکی کوژراون و سێی دیکەش بریندار بوون، کە دۆخی بریندارەکان جێگیرە.

ترەمپ جەختی کردەوە کە هێرشەکەی سووریا لەلایەن داعشەوە ئەنجام دراوە نەک حکومەتی سووریا و گوتی: حکومەتی سووریا و سەرۆکە نوێیەکەی سووریا لە تەنیشت ئێمەوە و شانبەشانی ئێمە شەڕیان کردووە.

هەر لە وتارەکەیدا، ترەمپ ئاماژەی بە ڕووداوەکەی زانکۆی براون کرد و ڕایگەیاند کە لەوێش دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 9ی دیکە بریندار بوون.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: ڕۆژێکی سەخت بوو، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خێزانی قوربانییەکان دەکەم.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە یەکێک لە کەناراوەکانی شاری سیدنی لە ئوسترالیا، دەستڕێژی گوللە لە ئاهەنگگێڕانی مەراسیمێکی ئایینیی جووەکان کرا، بەگوێرەی ئامارەکان 11 کەس لە ڕووداوەکەدا کوژراون، هێرشەکە شۆکێکی گەورەی لە ناوخۆی ئوسترالیا و ئاستی نێودەوڵەتیدا دروست کردووە، بەتایبەتی کە ئوسترالیا بە یەکێک لە وڵاتە سەقامگیرەکان دادەنرێت و ئەنجامدانی هێرشی لەم شێوەیە دژی پێکهاتە ئایینییەکان بە ڕووداوێکی دەگمەن و مەترسیدار هەژمار دەکرێت.

هەروەها بریت سمایل، سەرۆک شارەوانی پرۆڤیدێنس لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی ڕود ئایلاند، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لەناو زانکۆی براون لە ویلایەتی ڕود ئایلاند، دوو کەس کوژران و هەشت کەسیش بەسەختی بریندار بوون و تەقەکەرەکەش دەستگیر نەکراوە.

دوێنێ شەممە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردبووە و تێیدا ئاماژەی دابوو، لە ئەنجامی بۆسەیەک لە سووریا لە لایەن داعشەوە سێ هاووڵاتی ئەمەریکی کوژران و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل