سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن: بەرپرسیارێتی نیشتمانی و پیشەیی لەبەرچاو بگرن

سکرتێری ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پەیامێکی ئاراستەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد و تێیدا داوای کرد کە لە کاتی ڕووماڵکردنی لافاو و کارەساتە سروشتییەکاندا، بەرپرسیارێتی نیشتمانی و پیشەیی لەبەرچاو بگرن.

یەکشەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2025، هەندرێن ئەحمەد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، پێویستە سەرجەم کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەم دۆخەدا پابەندی تەواوی ئیتیک و ڕەوشتی ڕۆژنامەنووسی بن و هونەرەکانی کاری میدیایی بە شێوەیەک بەکاربهێنن کە خزمەت بە دۆخەکە بکات، نەک ببێتە هۆی شێواندن.

سکرتێری ئەنجوومەنی ڕۆژنامەنووسان جەختیشی کردەوە دەبێت ڕووماڵەکان بە "هەستێکی بەرزی نیشتمانی و مرۆڤدۆستییەوە" ئەنجام بدرێن، بەو پێیەی زیانلێکەوتووان هاونیشتمانی ئەم خاکەن و پێویستیان بە هاوکاری و پشتیوانییە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەدا پێویستە میدیاکان وێنەی یەکپارچەیی، یەک هەرێمی و یەک حکوومەتیی کوردستان نیشان بدەن و دوور بکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەستی لێکترازان. هەروەها داوای کرد کە کارەساتە سروشتییەکان نەکرێنە کەرەستەی ململانێ و ڕکابەریەتی لە نێوان کەناڵە میدیاییەکاندا.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل