زانایانی ناسا گەورەترین تەقینەوەی گەردوونیی ئاشکرا دەکەن
تەقینەوەکەی بۆشایی ئاسمان حەوت کاتژمێری خایاندووە
توێژەرانی گەردوونناسی ئاشکرایان کرد، تەقینەوەیەکی نامۆ و بێپێشینە لە قوڵایی گەردوون تۆمار کراوە کە زیاتر لە حەوت کاتژمێری خایاندووە.
لە ئاژانسی ناسا، دوای شیکردنەوەی تۆماری تەلیسکۆپی "فێرمی" تایبەت بە بۆشایی ئاسمان بۆ چاودێری تیشکی گاما، زانایان تێبینییەکانیان لەسەر وردەکاریی تەقینەوە نامۆکەی بۆشایی ئاسمان بڵاوکردەوە.
ئاماژەیانداوە، تەقینەوەکانی تیشکی گاما (GRBs) لە دوای "تەقینەوە گەورەکەی(Big Bang) بە بەهێزترین تەقینەوە دادەنرێن لە گەردووندا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، بە تێکڕا ڕۆژانە تەقینەوەیەکی لەم جۆرە ڕوودەدات، بەڵام ئەوەی لە 2ـی تەممووزی 2025 ڕوویدا، جیاواز بوو.
تەلیسکۆپی فێرمی تەقینەوەیەکی نائاسایی تۆمار کرد کە بۆ زیاتر لە حەوت کاتژمێری خایانداوە و بە شێوەیەکی بەردەوام شەپۆلی تیشکی دەرپەڕاندووە. زانایان ڕاستەوخۆ دەستیان کرد بە بەکارهێنانی ڕوانگە جیهانییەکان بۆ دیاریکردنی سەرچاوەکەی و ناوی (GRB 250702B)ـیان لە ڕووداوەکە ناوە و بۆیان دەرکەوتووە، ئەمە گەورەترین تەقینەوەی تیشکی گامایە کە تا ئێستا لە مێژوودا تۆمار کرابێت.
بە گوێرەی توێژینەوەکە، تەقینەوەکە لە ئەنجامی ڕووداوێکی گەردوونیی دەگمەنەوە دروست بووە و لێشاوێکی تەسکی لە ماددە بە ئاڕاستەی کۆمەڵەی خۆر دەرپەڕاندووە، کە خێراییەکەی لەسەرووی 99%ـی خێرایی ڕووناکی بووە.
سەبارەت بە شوێنی تەقینەوەکە، ئاژانسی ناسا ڕایگەیاندووە: تەقینەوەکە لە گەلە ئەستێرەیەکی زەبەلاحەوە سەرچاوەی گرتووە کە نزیکەی هەشت ملیار ساڵی ڕووناکی دوورە و پڕە لە تۆزی گەردوونی، هەر ئەمەش بووەتە هۆی دەرکەوتنی ڕووناکیی تەقینەوەکە.
لەوبارەیەوە جۆناسان کارنی، توێژەری سەرەکی لە زانکۆی نۆرس کارۆلاینا ڕایگەیاند: "ئەمە درێژترین تەقینەوەی تیشکی گامایە کە تا ئێستا مرۆڤ بینیبێتی، ماوەکەی هێندە درێژە کە لەگەڵ هیچ کام لەو نموونانە یەکناگرێتەوە کە ئێستا بۆ لێکدانەوەی ئەم تەقینەوانە بەکاردێن".
بۆ تێگەیشتن لە سروشتی ئەم دیاردەیە، زانایان پشتیان بە کۆمەڵێک تەلیسکۆپی پێشکەوتوو بەستووە، لەوانە "جێمینای" و "تەلیسکۆپی زۆر گەورە" (VLT) لە چیلی، ڕوانگەی "کێک" لە هاوایی و تەلیسکۆپی "هابڵ".
