کاردانەوەکان دژی سوکایەتیکردن بە لەیلا زانا بەردەوامن

لەکاتێکدا پرۆسەی ئاشتی و چارسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستی پێکردووە، بەڵام عەقڵیەتی بەشێکی زۆری شۆڤینییەکانی دژە کورد گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، دەرخەری ئەم ڕاستییە هوتافی هاندەرانی یانەی بورسا سپۆرە لەیاری یانەکەیان لە دژی سۆما سپۆر، کاتێک تێکرا هاوار دەکەن و وشەی نەشیاو بەرانبەر سیاستمەداری دیاری کورد لەیلا زانا بەکار دەهێنن.

ئەم کردەوەیەی هاندەران کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی ڕایگەیاندووە، قسەی ناشرین و سووکایەتی ناتوانرێت بەرگری لێبکرێت و ئەو زمانە ڕەتدەکەنەوە کە ئاراستەی لەیلا زانا کراوە.

سەرحەد ئەرەن، پەرلەمانتاری دەم پارتی گوتی: ئەو سوکایەتیانەی ئاراستەی لەیلا زانا دەکرێت، دەرهاوێشتەی ئەو ڕق و کینەی دژە کوردە کە ساڵانێکە بێ سزا ماوەتەوە، لەیلا زانا ئافرەتێکە ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ خەباتی گەلێک بۆ ئازادی، قورسترین باجی بۆ داوە و شانازی گەلی کوردە، هەروەها داوا دەکات وەزارەتەکانی ناوخۆ و داد ڕێککاری پێویست بەرانبەر ئەو کردەوەیە بگرنە بەر.

ئینان ئاکگون ئاڵپ پەرلەمانتاری جەهەپە، ڕایگەیاند، بە توندی ئیدانەی هێرشی ڕەگەزپەرستانە بۆسەر لەیلا زانا دەکەم و داوا لە دەسەڵاتداران دەکەم بەپەلە ڕێوشوێن بگرنەبەر بەرانبەر ئەوانەی ئەم هێرشە ڕەگەزپەرستییەیان ئەنجامداوە.

شێخموس تانڕیکوڵو ئەندامی دەستەی کارگێری گشتیی هودا پار گوتی: لە ژێر ناوی تۆپی پێدا هەوڵی ئاساییکردنەوەی فاشیزم و ڕەگەزپەرستی دەدرێت، و هیچ کاتێک لە تۆپی پێدا ئەو جۆرە ڕیسوایی و بێشەرمییە جەماوەرییە نەبینراوە و دەپرسێت، ئایا فیدراسیۆنی تۆپی پێ خەوتووە؟ داواکاری گشتی لە کوێن؟ کوا سیاسییەکان؟

لەلایەکی دیکەوە، سونا کەپۆلۆ ئەتامان، پەرلەمانتاری ئاکپارتی، باسی لەوە کرد، ئەو سووکایەتییە قێزەونانەی رەتدەکاتەوە و ئامانج لەم کردەوانە لە ژێر ناوی نیشتمانپەروەریدا دەکرێت تێکدانی ئارامی و پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆرە.

سەزگین تانڕیکوڵو ، پەرلەمانتاری جەهەپە گوتی: لەیلا زانا شانازی گەلەکەیانە و بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە ئاشتی و دۆستایەتی لە تورکیا لە دژی هەموو جۆرەکانی ڕەگەزپەرستی و قسەی ڕق و کینە دەوەستنەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل