سەفین دزەیی: سەرەتا ساڵی داهاتوو شاندێکی ئەڵمانیا دێنە هەرێمی کوردستان
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کونسوڵخانەی وڵاتان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لەوەی پەیوەندی بەهێزی ئابووری دروستبکەن و حکوومەتی هەرێمیش ئاسانکاری زۆری بۆ سەرمایەداران کردووە.
پێنجشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:کەرتی تایبەت ڕۆلێکی بەرچاوی بینیوە لە پێشخستنی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمیش ئاسانکاری زۆری بۆ سەرمایەدارانی ناوخۆ و بیانی کردووە بۆ ئەوەی سەرمایەکانیان لە نێوخۆی هەرێم بەگەر بخەن.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، بۆ ساڵی سێیەم ماڵی کوردی لە داڤۆس، هانی سەرمایەدارانی بیانی دەدات، بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان سەرمایەکانیان وەگەڕ بخەن.
سەفین دزەیی، گوتیشی: کونسوڵخانەی وڵاتان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لەوەی پەیوەندی بەهێزی ئابووری دروستبکەن، بەتایبەتی ئەمساڵ ژمارەیەک کۆڕبەندی ئابووری گرنگ بەڕێوەچوون.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، باس لەوە دەکات، سەرەتای ساڵی داهاتوو، کۆڕبەندێکی ئابووری لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، هەروەها هەرێم و ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت.
هەروەها شاندێکی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناساندنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان سەرکەوتو بووە.
