ڕامی عەبدولڕەحمان: داعش دزەی کردووەتە نێو وەزارەتی ناوخۆی سووریا

ڕامی عەبدولڕەحمان
ڕامی عەبدولڕەحمان

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆشدارییەکی توند دەداتە هێزە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە مەترسیی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر و کۆمەڵکوژکردنی پێکهاتەکان لە سووریای نوێدا، ئاشکراشی دەکات کە چەکدارانی داعش دزەیان کردووەتە نێو جومگە هەستیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و سەرکردە میلیشیاکان زمانی هەڕەشە دژی کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەکار دەهێنن.

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە هەڵسەنگاندنێکدا بۆ دۆخی ئێستای سووریا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەحمەد شەرع، گرووپە چەکدارەکان تەنیا وەک کارتێکی فشار بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار دەهێنێت و تەنانەت ستایشی ئەو گرووپانەشی کردووە کە لە شاری سوەیدا خەڵکیان ئاوارە کردووە و کۆمەڵکوژییان ئەنجام داوە.

 ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە، کەسایەتییەکانی وەک ئەبو فازڵ، کە بانگەشەی بوونی 500 هەزار چەکداری لە دەرەوەی یاسا دەکات، لەگەڵ ئەبو عەمشە، کە بە هەڵوێستە توندەکانی دژی کورد ناسراوە، بە ئاشکرا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات دەکەن.

بەڕێوەبەری ڕوانگەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە، ئەبو عەمشە خاوەنی مێژووییەکی پڕ لە تاوانە لە عەفرین و بە چاوی ڕق و کینەوە لە نەتەوەی کورد دەڕوانێت، بۆیە بوونی کەسانی لەو شێوەیە لە هەر پێکهاتەیەکی سەربازیی داهاتوودا مەترسییەکی گەورەیە. 

سەبارەت بە هەڵوێستی هێزەکانی سووریای دیموکراتیش، ڕوونی کردووەتەوە، ئەو هێزانە خوازیاری بەشدارین لە سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوودا کە لەسەر بنەمای هاوبەشی دامەزرابێت، نەک سوپایەک کە ببێتە هۆی دووبارەبوونەوەی سیناریۆکانی عەفرین و کۆمەڵکوژکردنی کورد، عەلەوی و دروزییەکان، چونکە تێکەڵبوون بە سوپایەکی لەو جۆرە بە خیانەت لە خوێنی 15 هەزار شەهیدی شەڕی داعش هەژمار دەکرێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە هەوڵەکان بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سەربازی و سیاسیی سووریا چڕ بوونەتەوە، ناکۆکییەکان لەسەر شێوازی پێکهێنانی سوپای نوێی سووریا و چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە کۆنترۆڵی ڕۆژهەڵاتی فوراتیان بەدەستەوەیە، یەکێکە لە گرێکوێرە سەرەکییەکان. لایەنە توندئاژۆکان و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان کە تۆمەتبارن بەوەی هەڵگری بیرۆکەی داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانن، هەوڵ دەدەن لەژێر ناوی جیاوازدا خۆیان لە دامەزراوە ئەمنییەکانی وەک وەزارەتی ناوخۆ جێگیر بکەن و دژایەتیی بوونی قەوارەی کوردی و سیستەمی دیموکراسی لە ناوچەکە دەکەن، ئەمەش مەترسیی لەسەر داهاتووی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لە سووریا دروست کردووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل