سبەی هاتوچۆ لە دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت ڕادەگیرێت

دەروازەی زێت
دەروازەی زێت

بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی گەشتیاران و هاووڵاتییانی سنوورەکە کردووە و ڕایگەیاندووە، بەمەبەستی ئەنجامدانی کارکردن و چاکسازی لە ڕێگاوبانەکان، سبەی هەینی جووڵەی گەشتیاری و هاتووچۆ لە دەروازەکە بەشێوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت و تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست پێ ناکاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی دەروازەی زێتدا ڕوون کراوەتەوە، ڕاگرتنی گەشتکردن تەنیا بۆ ماوەی یەک ڕۆژ دەبێت، کە دەکاتە سبەی هەینی 19ی کانوونی یەکەمی 2025، بەڵام بە کردەیی دەروازەکە تا ڕۆژی دووشەممە 22ی مانگ بە ڕووی گەشتیاراندا ناکرێتەوە.

 ئیدارەی دەروازەکە هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ بوونی کارکردن لە جادە و ڕێگاوبانەکانی دەروازەکە لە دیوی تورکیا گەڕاندووەتەوە و دڵنیاییشی داوە کە هیچ گرفتێکی تەکنیکی یان ئیدارەیی لە دیوی هەرێمی کوردستان (دەروازەی زێت) نییە و ڕێکارەکە تەنیا پەیوەستە بە لایەنی بەرانبەرەوە.
دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر و وەک خاڵێکی ستراتیژی، هەرێمی کوردستان بە باکووری کوردستان و تورکیا دەبەستێتەوە. 

کردنەوەی ئەم دەروازەیە جگە لەوەی بووەتە هۆی ئاسانکارییەکی زۆر بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، ڕۆڵێکی گرنگیشی بینیوە لە کەمکردنەوەی جەنجاڵی لەسەر دەروازە سەرەکییەکانی دیکە و بووەتە ڕێڕەوێکی نوێی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان هەردوولادا.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل