گفتوگۆی بەکارهێنانی پارە بلۆککراوەکانی ڕووسیا گەیشتە بنبەست

هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی ئەورووپا بۆ دۆزینەوەی ڕێکارێکی یاسایی بە مەبەستی بەکارهێنانی سامانە بلۆککراوەکانی ڕووسیا لە بەرژەوەندیی ئۆکرانیا، تووشی شکست و بنبەست بووە و بەهۆی ناکۆکیی ناوخۆیی و مەرجەکانی بەلجیکاوە، پێناچێت وڵاتانی کیشوەرەکە بتوانن بەم نزیکانە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەوبارەیەوە دەربکەن.

ڕۆژنامەی (پۆلیتیکۆ)ی ئەمەریکی بە پشت بەستن بە زانیاریی سەرچاوە باڵاکان وردەکاریی ناکۆکییەکانی خستووەتە ڕوو و ئاشکرای کردووە، ئاراستەی گفتوگۆکان بە پێچەوانەی خواستی گشتییەوە ڕۆیشتوون و ئەورووپییەکان زۆر دوورن لە گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەربەستی سەرەکیی بەردەم بڕیارەکەش هەڵوێستی شاندی بەلجیکایە، کە لە گفتوگۆکاندا بە فەرمی داوای گەرەنتیی داراییان کردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی وڵاتەکەیان، لە ئەگەری هەر کاردانەوەیەکی توند یان سزایەک کە ڕووسیا وەک تۆڵەسەندنەوە دژی بەلجیکا بیگرێتە بەر ئەگەر دەست بۆ پارەکان ببەن.
ئەم ئاڵۆزییە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پێشتر پێشنیازی خستبووە بەردەم هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی تا سوود لەو ملیارەها دۆلارە بلۆککراوەی ڕووسیا وەربگرن و بۆ پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا تەرخانی بکەن.

 بڕیاریش بوو ئەمڕۆ وڵاتانی ئەورووپا لە کۆنفرانسێکدا ئەم دۆسیەیە یەکلا بکەنەوە، بەڵام داواکارییەکانی بەلجیکا و ترسی وڵاتانی ئەورووپا لە لێکەوتە یاسایی و داراییەکانی دەستکاریکردنی ئەو پارانە، پرۆسەکەی پەکخستووە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل