بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ڤەنزوێلا نرخی زیو گەیشتە بەرزترین ئاست لە مێژوودا
بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە جیۆسیاسییەکانی تایبەت بە دۆخی ڤەنزوێلا و کەمبوونەوەی بەرچاوی خستنەڕووی کانزاکە لە بازاڕەکانی جیهاندا، نرخی زیو گەیشتە بەرزترین ئاست لە مێژوودا و ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد، ئەمەش وای کردووە بازرگانان وەک سەرچاوەیەکی خێرای قازانج و پەناگەیەکی وەبەرهێنان ڕووی تێ بکەن.
داتاکانی بازاڕی کانزاکان دەریدەخەن کە تەنیا لەم هەفتەیەدا زیو سێ جار لوتکەی نوێی تۆمار کردووە و نرخی یەک ئۆنسە گەیشتووەتە 66 دۆلار و 84 سەنت، کە ئەمەش بەرزترین نرخە تا ئێستا تۆمار کرابێت، ڕەوتی بەرزبوونەوەکە بە جۆرێکە لە سێ مانگی ڕابردوودا کانزاکە زیاتر لە 16 جار ژمارەی پێوانەیی شکاندووە و لوتکەی نوێی بینیوە، هاوکات لەگەڵ بازاڕە جیهانییەکان، لە هەرێمی کوردستانیش جموجۆڵێکی زۆر لەسەر کڕین و فرۆشتنی قاڵبی زیو دروست بووە و سەدان بازرگان مامەڵەی پێوە دەکەن، بەپێی نرخەکان یەک کیلۆ زیو لە بازاڕی ناوخۆدا گەیشتووەتە دوو هەزار و 115 دۆلار، شرۆڤەکارانیش پێشبینی دەکەن نرخەکە بەرەو دوو هەزار و 150 تا دوو هەزار و 200 دۆلار هەڵبکشێت، لە ئەگەری دابەزینیشدا ئاستی دوو هەزار بۆ هەزار و 990 دۆلار وەک خاڵی پاڵپشت دیاری کراوە.
هۆکاری سەرەکیی ئەم هەڵکشانە مێژووییە بۆ دوو فاکتەری سەرەکی دەگەڕێتەوە، یەکەمیان پەیوەستە بە دۆخی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی ڤەنزوێلاوە، کە وەک مەترسییەکی جیۆسیاسی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دەروونی بازرگانان دروست کردووە و پاڵی پێوەناون ڕوو لە کانزا بەنرخەکان بکەن. دووەمیان پەیوەستە بە یاسای خستنەڕوو و خواست، لە ئێستادا بڕی زیوی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا کەمی کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەری، بەو پێیەی نرخەکەی بەراورد بە زێڕ هەرزانترە و جووڵەی نرخەکەی خێراترە، کە دەرفەتی قازانجی خێرا بۆ بازرگانان دەڕەخسێنێت.
