یونامی بارەگاکەی لە بەغدا ڕادەستی حکوومەتی عێراق دەکات
یونامی بەڵگەنامەی ڕادەستکردنی کۆمەڵگە سەرەکییەکەی لە بەغدا، لەگەڵ حکوومەتی عێراق واژۆ کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق (یونامی) لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' ڕایگەیاند، ڕۆژی 14ـی کانوونی یەکەم، نوێنەرایەتییەکە بەڵگەنامەی تایبەت بە ڕادەستکردنی کۆمەڵگە سەرەکییەکەی لە بەغدا بە حکوومەتی عێراق، واژۆ کردووە، ئەمەش پێش کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە 31ـی کانوونی یەکەم.
بە گوێرەی پۆستەکە، بەڵگەنامەکان لە لایەن کلاودیۆ کوردۆنی، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، بۆ کاروباری سیاسی و هاوکاریی هەڵبژاردن و محەممەد بەحر علوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان؛ واژۆ کراوە.
یونامی دووپاتی کردووەتەوە، واژۆکردنی ئەم بەڵگەنامانە، دەستکەوت و ئەنجامی هاوکاریی نزیکی چەند مانگەی نێوان هەردوو لادایە و گواستنەوەی کارەکانە لە نێردەی یونامییەوە بۆ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وەرزێکی نوێی کارکردنی هاوبەشی نێوان ڕێکخراوەکە و حکوومەتی عێراق.
في 14 كانون الأول 2025، وقعت بعثة الأمم المتحدة لمساعدة العراق (يونامي) الوثائق الخاصة بتسليم مجمعها الرئيسي في بغداد إلى حكومة العراق، قبيل انتهاء ولاية البعثة في 31 كانون الثاني. حيث قام كلاوديو كوردونى، نائب الممثل الخاص للعراق للشؤون السياسية والمساعدة الانتخابية، بالتوقيع… pic.twitter.com/ZRBLymdpqn
— UNAMI (@UNIraq) December 20, 2025
ڕۆژی شەممە، 13ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئهنتۆنيۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە بەغدا و بهشداری له رێورهسمی كۆتاییهاتنی ئهركی 'یونامی' له عێراق کرد.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاوکاریی عێراق، ناسراو بە "یونامی" (UNAMI)، ئەرکێکی سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە 14ی ئابی 2003 بەپێی بڕیاری ژمارە 1500ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەسەر داوای حکوومەتی عێراق دامەزرا. ئامانجی سەرەکیی یۆنامی پشتیوانیکردنی ھەوڵەکانی حکوومەت و گەلی عێراق بووە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی وڵات.
ئەرکەکانی یونامی بەدرێژایی زیاتر لە دوو دەیە چەندین بواری گرنگی لەخۆگرتبوو، لەوانە:
- ڕاوێژ و ھاوکاری سیاسی: پێشکەشکردنی ڕاوێژ و ھاوکاری بە حکومەتی عێراق لەسەر دیالۆگی سیاسی، ئاشتەوایی نیشتمانی، و چاکسازی.
- پشتیوانیکردنی ھەڵبژاردنەکان: یارمەتیدانی عێراق لە بەھێزکردنی پرۆسەکانی ھەڵبژاردن و دابینکردنی چاودێری و ھاوکاریی تەکنیکی بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری و شەفافیەت. یۆنامی ھاوکار بووە لە بەڕێوەچوونی شەش ھەڵبژاردنی نیشتمانیدا.
- مافەکانی مرۆڤ: پێشخستن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ھاوکاریکردن لە چاکسازیی دادوەری و یاساییدا.
- ھەماھەنگیی مرۆیی و گەشەپێدان: ھەماھەنگیکردنی کاری ئاژانس و سندوق و بەرنامەکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، کە ژمارەیان دەگاتە 23 ئاژانس.
- لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش: لە ساڵی 2017ەوە، یونامی کاری کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و دادگاییکردنی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە.
کۆتاییهاتنی ئەرکی یۆنامی لە عێراق:
لە مانگی ئایاری 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد کە ئەرکی یونامی لە عێراق کۆتایی پێبھێنرێت. حکوومەتی عێراق ھۆکاری ئەم داواکارییەی گەڕاندەوە بۆ ئەو "سەقامگیرییە سیاسی و ئەمنییەی" کە لە وڵاتدا بەدی ھاتووە و پێی وابوو چیتر پێویست بە مانەوەی ئەرکێکی سیاسی لەم شێوەیە ناکات.
لەسەر بنەمای ئەم داواکارییە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 31ی ئایاری 2024 بە کۆی دەنگ بڕیاری ژمارە 2732ی پەسەند کرد، کە بەپێی ئەرکی یونامی بۆ ماوەی کۆتایی تا 31ی کانوونی یەکەمی 2025 درێژکرایەوە و دوای ئەو بەروارە سەرجەم کار و چالاکییەکانی ڕادەگیرێت.
ئاژانسەکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبن
کۆتاییھاتنی ئەرکی یونامی بە واتای کۆتاییھاتنی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق نایەت. ئاژانسەکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە بوارەکانی گەشەپێدان و مرۆيیدا کار دەکەن، بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان.
لەگەڵ ئەوەشدا، ھەندێک لە چاودێران نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە کە لەوانەیە کشانەوەی یۆنامی ببێتە ھۆی کەمبوونەوەی چاودێریی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ و ھەڵبژاردنەکاندا.
