نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش لە ئەفغانستان منداڵان لەسەر بیری توندڕەوی پەروەردە دەکات

ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات کە داعشی خۆراسان نزیکەی دوو هەزار چەکداری لە ئەفغانستان دەپارێزێت، منداڵانی خوار تەمەنی 14 ساڵ پەروەردە دەکات، ئەمەش مەترسییەکی بەردەوام لە ڕێگەی هێرشە تیرۆریستییەکانەوە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات.

شەممە 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، پەشتووە ئەفغانییەکان زاڵن بەسەر سەرکردایەتی داعشی خوراسان لە ئەفغانستان، لەکاتێکدا چەکدارێکی زۆر لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستەوە ڕوو لە گوورپەکەیان دەکەن، هاوکات نزیکەی دوو هەزار چەکدار لە ناوچەکەدا ڕاهێنان دەکەن و ژمارەیەکی زۆریان منداڵانی خوار تەمەن 14 ساڵن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجە سەرەکییەکانی داعشی خۆراسان بریتین لە ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوان لەسەر ئاستی جیهان و نیشاندانی توانای خۆیان بۆ وەرگرتنی چەکداری زیاتر و بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی.

لەمبارەیەوە شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن لەوەی کە پەرەسەندنی گروپەکە مەترسییەکی بەردەوام بۆ سەر ئەفغانستان و ناوچەکە بە گشتی دروست دەکات.

نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوەکردووەتەوە، جێگەی نیگەرانییە کە داعشی خۆراسان قوتابخانەی لە بەشێک لە باکووری ئەفغانستان و ناوچەکانی نزیک سنووری پاکستان دامەزراندووە، کە منداڵانی خوار تەمەنی 14 ساڵان تێیدا پەروەردە دەکرێن و ڕاهێنانیان پێدەکرێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکی خۆکوژی.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم بەکارهێنانەی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بە کارێکی مەترسیدار وەسف کردووە.

هاوکات شارەزایان دەڵێن، ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی بەردەوامی ئەفغانستان وەک پەناگەیەکی سەلامەت بۆ زۆرێک لە گروپە توندڕەوەکان پشتڕاست دەکاتەوە، هەروەها دەسەڵاتدارانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش تادێت نیگەرانن لەوەی کە بەبێ ڕێوشوێنی هاوئاهەنگی دژە تیرۆر، ئەم ڕێکخراوانە دەتوانن هەژموونی خۆیان فراوانتر بکەن و هێرشی زیاتر لە سەرانسەری ناوچەکەدا ئەنجام بدەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل