پوتن ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ماکرۆن نیشاندا
دیمیتری پێسکوڤ، گوتەبێژی کرێملن درەنگانی شەوی ڕابردوو بە ئاژانسی "ڕیا نۆڤۆستی"ـی ڕاگەیاندووە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، هاوتا فەرەنسییەکەی.
پێسکوڤ ئاماژەی بەوەش کرد، پوتن پێشوازی لەو هەنگاوە دەکات و گوتی: "ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسی هابەش هەبێت، ئەمە تەنیا بە شێوەیەکی ئەرێنی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت".
ئەم لێدوانەی ماکرۆن دوای ئەوە هات، لە لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل "تێیدا بڕیاری هاوکاریی بڕی 90 ملیار یۆرۆ بۆ ئۆکرانیا درا" ڕایگەیاند، پێویستە ئەوروپا پەیوەندییەکانی لەگەڵ پوتندا نوێ بکاتەوە، هۆشداریدا ئەگەر ئەوروپییەکان بەشداری لە گفتوگۆ نەکەن، تەنیا لەنێوان خۆیاندا دەمێننەوە و لایەنی دیکە (وەک ئەمەریکا) دەبنە بڕیاردەر لەگەڵ ڕووسەکان، ئەمەش بە وتەی ئەو 'کارێکی باش نییە'.
ئەم لێدوانەی ماکرۆن، جووڵەی دیپلۆماسی لە شاری میامی لە ویلایەتی فلۆریدا دەست پێکردووە، ستیڤ ویتکۆڤ نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ و جارێد کوشنەر زاوای ترەمپ، نێوەندیگیری لە نێوان نوێنەری ئۆکرانیا، ئەوروپا و ڕووسیا دەکەن. کیریل دیمیتریڤ، وەک نوێنەری ڕووسیا لە ڕۆژی شەممەوە بۆ دانووستان گەیشتووەتە میامی.
لە لایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لەگەڵ دەستپێکردنی خولی نوێی دانوستانەکان لە میامی، داوای لە واشنتن کردووە فشارەکانی بۆ سەر مۆسکۆ توندتر بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرکردە ئەوروپییەکان لەوە دەترسن، شەڕی ئۆکرانیا لە سنوورەکانی خۆی دەربچێت و ببێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی گشتیی کیشوەرەکە.
دوێنێ شەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ڕایگەیاند؛ لە بەرژەوەندی ئەوروپا و ئۆکرانیادایە "بنەمایەکی نوێ و گونجاو" بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بدۆزرێتەوە. ماکرۆن جەختی کردەوە کە پێویستە لە هەفتەکانی داهاتوودا میکانیزمێک بۆ ئەم مەبەستە پەرەی پێ بدرێت.
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای پابەندبوونی یەکێتیی ئەوروپا بە پشتگیریکردنی دارایی و سەربازیی کیێڤ، بەڵام زۆر گرنگە ڕێگەیەک بۆ "گفتوگۆیەکی تەواو" لەگەڵ مۆسکۆ بدۆزرێتەوە. هەروەها گوتیشی: دەمەوێت بە زووترین کات چاوم بە پوتن بکەوێت.
ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە، ئەوروپا هەوڵ دەدات بەدیلێک بۆ پلانەکانی دۆناڵد ترەمپ بدۆزێتەوە سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی شەڕی ئۆکرانیا. جێگەی ئاماژەیە، لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا، پوتن و ماکرۆن یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنییان دوای سێ ساڵ ئەنجامدا.
