ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێکی دەستگیر کرد بە پارە هەڕەشەی لە خەڵک دەکرد
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوودا توانی تۆمەتبارێک دەستگیر بکات کە بە شێوازێکی مەترسیدار و دوور لە هەموو بەهایەکی یاسایی، کاری هەڕەشەکردن و تۆقاندنی هاووڵاتییانی لە بەرانبەر بڕێک پارەدا ئەنجام دەدا.
ئاسایشی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئەم تۆمەتبارە کە پێشینەی تاوانی هەبووە، خۆی وەک چارەسەرکەری کێشەکان ناساندووە، بەڵام نەک لە ڕێگەی یاساوە، بەڵکو لە ڕێگەی فشار و هەڕەشەی چەکدارییەوە، بەجۆرێک بۆ هەر کارێکی هەڕەشەکردن، بڕی 25 هەزار دیناری لەو کەسانە وەرگرتووە کە کێشەیان لەگەڵ خەڵکی دیکەدا هەبووە و ویستوویانە لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان و بە زەبری هێز کێشەکانیان یەکلایی بکەنەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، ئەم تۆمەتبارە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە ماتۆڕسکیلێک و بە دەموچاوێکی داپۆشراوەوە چووەتە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر و بە چەکی کلاشنکۆف بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی لە ماڵێک کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لای دانیشتووانی ناوچەکە.
دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، هێزەکانی ئاسایش توانییان لە کاتێکی پێوانەییدا تۆمەتبارەکە دەستنیشان بکەن و دەستگیری بکەن، کە دەرکەوتووە لەو کاتەشدا سەرقاڵی چەندین کاری نایاسایی دیکە بووە.
لە کاتی دەستگیرکردنیدا، هێزەکانی ئاسایشی هەولێر دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر پارەی ساختەدا گرت کە تۆمەتبارەکە لە مامەڵەکانیدا کاری پێ کردوون، هاوکات بڕێک ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵیشی پێ بووە کە ئەمەش ئاستی مەترسیداریی ئەو تاوانبارە بۆ سەر کۆمەڵگە دەردەخات. ئەم دەستگیرکردنە وەک پەیامێکی ڕوون دێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە وا دەزانن دەتوانن لە سەرووی یاساوە بن یان بە چەک و هەڕەشە مافی خەڵک پێشێل بکەن، جەختکردنەوەیە لەوەی کە هەولێر شارێکە تەنها یاسا تێیدا سەروەرە و هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئارامیی هاووڵاتییان ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە، ئاسایشی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە بۆ چارەسەری هەر کێشەیەک تەنها پەنا بۆ دادگاکان ببەن و ڕێگە نەدەن کەسانی تاوانبار بۆ مەرامی تایبەتی و تێکدانی سەقامگیری بەکاریان بهێنن.
