وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوا لە جووەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات کۆچ بکەن بۆ ئیسرائیل

جەدعوون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوا لە جووەکانی نیشتەجێی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات، بۆ ڕزگاربوون لەو شەپۆلە "دژایەتییە"ی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بگەڕێنەوە بۆ ئیسرائیل.

جەدعوون ساعر لە ڕێوڕەسمی جەژنی (حانوکا) ڕایگەیاند: "جووەکان مافی خۆیانە لە هەموو شوێنێک بە ئارامی بژین، بەڵام ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جیهاندا، جووەکان ڕووبەڕووی چەوساندنەوە دەبنەوە."

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی جووەکانی نیشتەجێی بەریتانیا، فەرەنسا، ئوسترالیا، کەنەدا و بەلجیکا کرد، گوتی: "وەرن بۆ خاکی ئیسرائیل و بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانتان."

ئەم بانگەوازەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، کە هەفتەی ڕابردوو لە کەناراوەکانی (بۆندای) لە شاری سیدنی لە ئوسترالیا، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر مەراسیمێکی جەژنی حانوکا و بەهۆیەوە 15 کەس کوژران. دەسەڵاتدارانی ئوسترالیاش ئاماژە بەوە دەکەن، هێرشەکە لەژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیای داعش ئەنجامدراوە.

لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوام حکوومەتە ڕۆژئاواییەکان بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە نەیانتوانیوە وەک پێویست ڕووبەڕووی شەپۆلی "دژەسامیزم" یان دژایەتیکردنی جووەکان ببنەوە.

هاوکات، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش داوای لە حکوومەتە ڕۆژئاواییەکان کردووە، پاراستنی زیاتر بۆ هاووڵاتییە جووەکانیان دابین بکەن.

بە گوێرەی "یاسای گەڕانەوە" کە لە ساڵی 1950 لە ئیسرائیل پەسەند کراوە، هەر کەسێک ڕەچەڵەکی جوو بێت، مافی ئەوەی هەیە لە ئیسرائیل نیشتەجێ بێت و ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتە وەربگرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل