هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل قەدەغە دەکرێت
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، بە ئامانجی ڕێکخستنەوە و کەمکردنەوەی ماتۆڕسكیلی بێسەرەتا، هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل بۆ ماوەی چوار ساڵ قەدەغە دەکرێت.
بە بریاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتیی ھەرێمی كوردستان ، هاوردەکردنی ماتۆرسکیل تا چوار ساڵی داهاتوو قەدەغە دەكرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی ژمارەی ماتۆڕسکیلە بێسەرەتاکان کەمبکرێنەوە و شێوازی بەکارهێنانیان ڕێک بخرێت.
بە گوێرەی ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆی هەریم، هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل 'دوو تایە و تەواو کارەبایی و مۆدێلی ساڵ' تەنیا بۆ فەرمانگەکانی حکوومەت و کۆمپانیاکانی گەیاندن کە مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی گواستنەوەیان هەیە، رێگەپێدراوە.
بە گوتەی فرۆشیارانی ماتۆڕسکیل، بەشێکی زۆری ئەو ماتۆرسکیلانەی لەبازاڕدا دەفرۆشرێن، بە شێوەی پارچە هاوردە کراون و لێرە بەستراون و بێژمارەن.
عەبدولواحید ئیسماعیل، فرۆشیاری ماتۆڕ، بە کوردستان24ـی گوت: نرخی ماتۆڕی بێژمارە لە نێوان 500 تا 600 دۆلارە و ماتۆڕی بەژمارەش نرخی دەگاتە نزیکەی هەزار و 600 دۆلار.
ئارام سەنعان، فرۆشیاری ماتۆڕ، دەڵێت: ئەگەر ماتۆڕەکان ژمارەدار بکەن، کارێکی زۆر باشە. حکوومەت هەقی خۆیەتی لە بەرانبەر ژمارەکەشدا پارە وەربگرێت. چونکە ماتۆڕی بیژمارە لەوانەیە تاوانی پێ بکرێت بەبێ ئەوەی پێی بزانرێت.
فرۆشیارانی ماتۆڕسکیلی کارەبایش دەڵێن، پێویستە ماتۆڕسکیلی کارەبای شوێنی ماتۆڕی بەنزین بگرێتەوە.
لەم باریەوە،هیوا جەعفەر، فرۆشیاری ماتۆڕسکیلی کارەبایی، گوتی: ماتۆڕسکیلی کارەبایی زۆر لە ماتۆڕی بەنزین باشترە. چونکە دەنگە دەنگی نییە. خەڵک بێزار ناکات و دۆستی ژینگەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە سنوری هەولێر زیاتر لە 20 هەزار ماتۆڕسکیل هەیە لە 11 مانگی ڕابردووشدا لە کۆی 507 ڕووداوی هاتووچۆ، 77 ڕووداویان ماتۆڕ بوونە.
بەهرەم سەعید، شۆفێر، دەڵێت: ماتۆڕسوارەکان پابەندی یاساکانی هاتۆچۆ نین و بوونەتە مایەی مەترسیی بۆ خۆیان و خەڵکیش. ئەوان بە خێرایی لێدەخوڕن و لە ناکاودا پێچ دەکەنەوە، زۆربەیان بێژمارەن.
بریارەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، لە ڕۆژی دەرچوونیەوە کاری پێ دەکرێت و ھەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلە بێ سەرەتاکانیش بەردەوام دەبێت.
