کریستیانەکانی شنگال 11 ساڵە نەگەڕاونەتەوە ناوچەکەیان
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 11 ساڵ لە ئاوارەبوونیان، هێشتا کریستیانەکانی شنگال نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و حکوومەتی عێراق بە کەمتەرخەمی خەتابار دەکەن. نوێنەری کریستیانەکانیش لە شنگال دەڵێت؛ شوێنی ئایینی و نیشتەجێبوونی کریستیانەکان لە شنگال لەناوبراون و تا ئێستا یەک خێزانیش قەرەبوو نەکراوەتەوە.
عیسا شەمعوون، نوێنەری کریستییانەکانی شنگال بە کوردستان24ی ڕاگەیاند؛ "کڵێسە و ماڵەکانمان هەمووی ڕووخێنران، نە ڕێکخراوەکان و نە حکوومەتی عێراق بایەخمان پێنادەن، بگرە بەشێک لە بڕیار بەدەستانی عێراق هەر نازانن کریستیان لە شنگال هەیە، ئێمە پێکهاتەیەکی کۆنی شنگالین بەڵام لەبیرکراوین و کەس خۆی بە خاوەنمان نازانێت و هیچ نوێنەرایەتییەکمان لە پەرلەمان نییە."
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، چەند جارێک داواکراوە کە کریستیانەکانی شنگال قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام حکوومەتی عێراق هەنگاوی جیددی ناگرێتەبەر.
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: بەر لە هاتنی داعش بۆ شنگال، موسوڵمان و ئێزدی و کریستیان لە شنگال هەموو بەیەکەوە یادی جەژن و بۆنەکانی یەکتریان دەکردەوە و دیاردەیەکی زۆر جوان بوو، بەڵام دوای هاتنی داعش و ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی شنگال ئەوە نەما. ئاماژەی بەوەش دا "پێویستە ئەو خێزانانەی ئاوارەبوونە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە قەرەبوو بکرێنەوە و بگەڕێنرێنەوە شوێن و زێدی خۆیان بە شێوازێکی شایستە."
بە گوێرەی ئامارە حکوومییەکان، بەر لە هاتنی داعش 52 خێزانی کریستیان لە شنگال دەژیان ئێستا 20 خێزان چوونەتە دەرەوەی وڵات و 34 خێزانیش ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی کوردستانن و چوار کریستیانیش لەلایەن داعشەوە ڕفێندرابوون.
