لویس ساکۆ نامەیەک بۆ موقتەدا سەدر دەنێرێت

ساکۆ بۆ سەدر: قسەکانم شێوێنراون و بانگەشەی ئاساییکردنەوەم نەکردووە

کاردینال لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانیی لە عێراق و جیهان و موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە
کاردینال لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانیی لە عێراق و جیهان و موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە

لە وەڵامی ئەو کاردانەوانەی دوای گوتارەکەی شەوی کریسمس دروست بوون، کاردینال لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانیی لە عێراق و جیهان، لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، ڕەتی کردەوە هیچ ئاماژەیەکی بە "ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان" دابێت و هۆشداریشی دا لە هەوڵەکانی تێکدانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی عێراق.

ئەمڕۆ شەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، کاردینال لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانیی لە عێراق و جیهان، لە نامەکەی فەرمیدا بۆ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، نیگەرانیی خۆی نیشان داوە لەوەی کە قسەکانی لە مەڕاسیمی یادی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح لە 24ـی کانوونی یەکەم "لە سیاقی ڕاستەقینەی خۆی دەرکراون".

ساکۆ بۆ سەدر دەنووسێت: "بۆ بەڕێزتان و تەواوی گەلی عێراق جەختی دەکەمەوە کە بەهیچ شێوەیەک ئاماژەم بە هیچ جۆرە ئاساییکردنەوەیەکی سیاسی (التطبیع) نەداوە، چونکە من بە تەواوی لە هەستیاری و لێکەوتەکانی ئەم بابەتە تێدەگەم."

ڕوونیشی کردووەتەوە کە مەبەستی لە گوتارەکە، بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران و سەرکردە سیاسییەکان، تەنیا بانگهێشتکردن بووە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی جیهان بۆ عێراق وەک "لانکەی شارستانییەکان" بە ئامانجی بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری و شوێنەواری.

ساکۆ لە پەیامەکەیدا ستایشی هەڵوێستە "نیشتمانی و بەرپرسانەکان"ـی موقتەدا سەدری کردووە و سوپاسی هەوڵەکانی کردووە لە دۆسیەی گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵە زەوتکراوەکانی کریستیانەکان، کە بە گوتەی ئەو "تا ئێستا بەرهەمەکەی گەڕاندنەوەی نزیکەی 100 موڵک بووە."

هەر لە نامەکەدا ساکۆ ڕەخنەی توندی لەو دەنگانە گرت کە "پیرۆزباییکردنی کریسمس حەرام دەکەن" هەروەها گوتی: " ئەم کارە خزمەت بە ئیسلام ناکات و دژی نەریتی کۆمەڵگەی فرەپێکهاتەیە".

لە کۆتایی نامەکەدا، ساکۆ داوای لە سەدر کردووە دەستوەردان بکات و ڕوونکردنەوەیەک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بدات، بە مەبەستی "پاراستنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لەم دۆخە هەستیارەدا و ڕێگریکردن لەوانەی دەیانەوێت ئاسایشی عێراقەوە تێکبدەن".

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل