وەزیری ناوخۆی ئێران: کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان، هەڕەشە لە داهاتوومان دەکات
ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران، هۆشداری دا لەوەی ئەگەر هەیە ژمارەی دانیشتووانی ئێران، کە ئێستا 92 ملیۆن کەسە، لە ساڵی 2100 دا بۆ نیوە کەم ببێتەوە.
یەکشەممە، 28 کانوونی یەکەم، 2025، ئاژانسی هەوالی 'ئیلنا' ڕایگەیاند، ئەسکەندەر موئمینی وەزیری ناوخۆی ئێران بە نیگەرانییەوە ئاماژە بە ئەگەری کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی ئێران لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا دەکات و دەڵێت: کەمبوونەوەی گەشەی دانیشتووانی وڵات بەم ئاستەی ئێستا، دەبێتە هۆی ئەوەی پێش کۆتایی ئەم سەدەیە ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەمان کەمتر لە 40 ملیۆن کەس بێت.
وەزیری ناوخۆی ئێران، ئەم بابەتە بە قەیرانێکی جددی دەزانێت و داوا دەکات حکوومەت بە زووترین کات هەنگاوی پێویست بۆ چارەکردنی بگرێتە بەر.
موئمینی، گوتیشی: وڵات ڕەنگە ڕووبەڕووی قەیرانێکی توندی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان ببێتەوە، ئەگەر نیشاندەرە دیمۆگرافییەکانی ئێستا بەردەوام بن. ئەم قەیرانە لێکەوتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەمنیی بەرفراوانی دەبێت.
ئەو، هەروەها سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا "دابەزینی ڕێژەی منداڵبوون و بەرزبوونەوەی ڕێژەی پیربوون، زەنگێکی مەترسیی ڕاستەقینەن بۆ داهاتووی وڵات."
بەرپرسانی ئێران، هۆشداری دەدەن لەوەی بەردەوامیی دابەزینی ڕێژەی وەچەخستنەوە و هەڵکشانی تەمەنی پێکهاتەی دانیشتووان، ڕەنگە هەڕەشە لە بازاڕی کار، سیستەمەکانی خانەنشینی و ئاسایشی نەتەوەیی بکەن لە مەودای دووردا، ئەوەش وا دەکات سەرکردایەتیی سیاسیی ئێران کە 'قەیرانی دانیشتووان' وەک دۆسییەیەکی ستراتیجی بخاتە ڕوو.
حکوومەتەکانی ئێران، لە ساڵانی ڕابردوودا کاریان کردووە بۆ پاشگەزبوونەوە لە سیاسەتە کۆنەکانی دیاریکردنی وەچە 'کۆنترۆڵی منداڵبوون' و هاندانی هاوسەرگیری و منداڵبوون لە ڕێگەی هاندەرە دارایی و خزمەتگوزارییەکانەوە، بەڵام کاریگەریی ئەم سیاسەتە، لە سایەی باری خراپی ئابووری و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە.
گفتوگۆی دیمۆگرافی لە ئێران جەخت لەسەر پێویستیی بەستنەوەی هەر ستراتیجییەک بۆ زیادکردنی دانیشتووان بە چاکسازیی ئابووری و کۆمەڵایەتیی فراوانتر دەکاتەوە، کە باشترکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و بەهێزکردنی پێگەی ژنان لەخۆ بگرێت، تاوەکوو ئەگەر زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان ڕوو بدات، نەبێتە بارێکی زیادە لەسەر ئابووریی وڵات.
