سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکات

سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق و هەردوو جێگرانی دەکات و، هیوادارە هەڵبژاردنی دەستەی تازەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هەنگاوێک بێت لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و چارەکردنی کێشەکان و بەدیهاتنی برایەتیی و تەبایی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی وڵاتەکە.

سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرۆک بارزانی، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، عەدنان فەیحادن، جێگری یەکەم و فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە کرد و هیوای سەرکەوتنیانی بۆ خواست.

سەرۆک بارزانی، هیوادارە هەڵبژاردنی دەستەی تازەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، هەنگاوێک بێت لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و چارەکردنی کێشەکان و بەدیهاتنی برایەتیی و تەبایی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق.

 

هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق

دووشەممە 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییەکەی کۆبووەوە.

لە دەستپێكدا بە تەمەنترین ئەندامی ئەم خولەی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی کرد و پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد.

هاوکات هەیبەت حەلبووسی، کە لە لایەن ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان کاندید کرابوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان توانی پۆستەکە بۆ خۆی مسۆگەر بکات و بە سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

دواتر لە کۆبوونەوەکەدا پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی هەر دوو جێگری یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەستی پێکرد، عەدنان فەیحان، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، بەڵام هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆک، کە کێبڕکێکە لە نێوان شاخەوان عەبدوڵڵا و ڕێبوار کەریم بوو، بە دوو گەڕی دەنگدان یەکلایی نەبووەوە،  بەهۆی ئەوەی هیچ کامیان نەیانتوانی دەنگی (50+1) ئەندامان بە دەست بهێنن، بۆیە دەنگدان چووە گەڕی سێیەم، بەڵام کۆبوونەکە بۆ ڕۆژی دواتر بە کراوەیی هەڵگیرا.

ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان فەرهاد ئەترووشی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کاندید کرد.

هەر لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا، فەرهاد ئەترووشی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، توانی کێبڕکێکە لە ڕێبوار کەریم بەرێتەوە و وەرگرتنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل