گوڵزار فەرەج: ئەدەب چەکە و دەبێ خەباتی پێ بکرێت
شاعیر و نووسەر گوڵزار فەرەج، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتەسەر شیعرکانی خۆی و باس لە ڕەخنەی جددی لە شیعری ئەدەبی دەکات و دەڵێ: دووجۆر ڕەخنەمان هەیە، ئەوانیش ڕەخنەی ڕوخێنە و ڕەخنەی درووستکەرە، دوو شاباڵن کە نووسەر و شاعیر دەگەیەننە لوتکەی خەرمان و هەگبەیەکی پڕی ئەدەبی، پایەیەکی بەتینن بۆ وشەسازی و وادەکات کە شیعرییان ڕەخنەی درووستکەر دروستی دەکات و دەبێتە شیعرێکی پڕ مانا.
شاعیر و نووسەر گوڵزار فەرەج، باس لە سەرەتای شیعر نووسینی خۆی دەکات و دەڵێت: لەساڵی 1973، هەر لەسەرەتای تەمەنمەوە خوڕماڵ جێدەهێڵین و لەشاری سلێمانی نیشتەجێ دەبین، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی تەواو دەکەم، هەر لە منداڵیەوە خولیای نوسین و خوێندنەوە بوومە، لە تەمەنی 15 ساڵییەوە لە چالاکی قوتابخانەکان بەشداردەبم و مامۆستاکان وەک نوسەرێکی بچووک لێم دەڕوانن، لەبەر ئەوەی یارمەتی هاوڕێ خوێندکارەکانم دەدا لە داڕشتنی ئەو نوسینانەی لە قوتابخانەی ئەو سەردەمە داوایان لێ دەکردم، ئەمەش دەبێتە هەگبەی نوسینەکانی من و خولیام چڕ کردۆتەوە بۆ نووسین.
گوڵزار فەرەج باس لە بەرهەمە ئەدەبیەکانی خۆی دەکات و دەڵێت: یەکەم کتێبم لەساڵی 2015 بەچاپ گەیاندووە کە پەخشانە، هەروەها بەرهەمەکانی ترم وەکو، پەخشانە شیعری باوک هیوایەکی نوێ، پەخشانە شیعری چەپکێ گوڵی نێرگز، پەخشانە شیعری ڕازەکانی ژیان، ڕۆمانی پەیکەری شۆخیک، یادەوەری کچی گوڵ عەنبەر، زانستی جەستەیی، ئەم کتێبە وەک حەزێکی خۆم بابەتم لە سایتە جیهانیە باوەڕپێکڕاوەکانەوە وەرگرتووە و وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
ئەو خانمە شاعیرە باس لە پەیوەندی نێوان خۆی و نووسین دەکات و دەڵێ: وەک چۆن دەڵێن هەر مرۆڤێک ئەستێرەیەکی هەیە، گوڵزار فەرەجیش ئەستێرەیەکی هەیە کە ئەویش نوسینە، من لەگەڵ نووسیندا باڵی یەک مەلین، هەتا گیان لە لەشمدا بگەڕێ و ئارەزووم بەسەر تەمەندا بشکێ نووسین لەگەڵ کۆتایی تەمەندا ئاوابوونی لێدەکەم، من هەموو حەزەکانی خۆم لەو بواری نووسیندا خستۆتە گەڕ، نووسین دەروون دەسمێ و ئاسۆی شیعر و نووسین هەمیشە بەرزە، چونکە زادەی ئەو پەیوەندیەیە کە مرۆڤ بە ژیانەوە دەبەستێتەوە، لەهەمان کاتیشدا بەخشش و ئیلهامێکی خوداییە، شیعریش چڕترین دەربڕینی زمانە و گەوهەری وشەیە و نمایشی ژیان دەکات، منیش نووسین وەک هیوایەک لێی دەڕوانم و جوانیەکانی ئەدەب بەهۆش دەبینم، پێدەچوو لەسەرەتای منداڵیمەوە بەختم بۆنی نووسین و باوێزەی شيعری کردبێت، بۆیە وەک چکچکەی گەردانە و ملە شیلان، دەکەوتنە بەرکاو و ئەدەبیش خۆی لەخۆیدا ڕەخنەکاریەکە لە ژیان و ئازارەکانی کۆمەڵ و ژن و چینەکان دەخاتەڕوو، بە تەرزێک لە تەرزەکانی خۆشبەختی ئەگەر لەشوێن و کاتی خۆیدا شیعر بوترێت و لە هەمان کاتیشدا کاری پێ بکڕێت بەتایبەت ئەگەر شیعرەکە نیشتمانی بێت.
دەشڵێت: بینینکاری قوڵ بۆ شیعر و ئاوێزان بەجوانی، نووسینەکانم لەناو دیوەخانی ئەدەب بەگشتی و پەخشان بەتایبەتی بوونیان هەیە، ئەو کەرەستانەی لە تێکست و شیعر و تێکستەکانمدا ئامادەییان هەیە وەکو، وێنە، موزیک، دەنگ، بڕگەی چوون یەک و کێش و سەروا و قفڵ و قافیەن و حەوسەڵە، ئەوە دەگەیەنێت کە توانای ئەو جۆرە لە نووسین، کاری کەسە سەرکەوتووەکانە لە جیهانە پان و بەرینەکەی شیعردا و کاکڵەی نیەتی شاعیر بەخشینی ساتێک ئارامی و ئومێد و هیوایە بە تاک، لەوێشەوە بەرەو کۆمەڵگە، نووسین و شیعر وەک دەمار وایە لەلەشی کۆمەڵگادا، ئەدەب چەکە و دەبێ خەباتی پێ بکرێ بە بینینکاری قوڵ و خەیاڵئامێزی کومەڵگە، بەڵام ئەگەر ڕواڵەتێکی تێکشکاوی شیعر نیشان بدەین، ئەوا نیشانەیە بۆ بوونی کارەسات لە قوڵایی مێژووی شیعردا.
گوڵزار فەرەج، باس لە ئازادی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردی دەکات و دەڵێ: گەر دەخوازیت کولتووری میلەتێک بناسیت، ئەوا دەبێ بە کولتووری ژنیان ئاشنا بیت، چونکە ژن مڕۆڤ و نیشتمانە، خۆری ژیان لەژێر پرچەکانیدایە و بێسنور بڵێسە دەدا و بەردەوامە لەژیان، ژن هەر بەو جۆرەش ناسراوە، لەڕابردوو و لە ئێستاشدا و ئازادییەکی بەرچاوی بۆ خۆی بەدەستهێناوە بەپشتیوانی کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیر و ئەوە ڕاستیەکی ژیانە و خۆرسکانە بەمیرات بۆی ماوەتەوە هەر لە سەردەمی حەبسە خانی نەقیبەوە.
دەربارەی بوونی ڕەخنەی جددی لەسەر دەقە شیعرییەکان، گوڵزار فەرەج دەڵێ: لەبارەی ڕەخنەی جددی لەسەر شیعر، بێگومان دووجۆر ڕەخنەمان هەیە، ئەوانیش ڕەخنەی ڕوخێنە و ڕەخنەی درووستکەرە، دوو شاباڵن کە نووسەر و شاعیر دەگەیەننە لوتکەی خەرمان و هەگبەیەکی پڕی ئەدەبی، پایەیەکی بەتینن بۆ وشەسازی و وادەکات کە شیعرییان ڕەخنەی درووستکەر دروستی دەکات و دەبێتە شیعرێکی پڕ مانا.
لەکۆتایی قسەکانیدا گوڵزار فەرەج باس لە پڕۆژەی نوێی خۆی دەکات و دەڵێ: دوا چاپکراوی کتێبێکی شیعری من بەناوی "باوێزەی باخی میر" بوو، هەر لەبەر ڕۆشنایی ئەو کتێبە شیعریەدا، مامۆستا ئیدریس عەبدوڵڵا کە مامۆستایە لە زانکۆی سەڵاحەددین، لێکۆڵینەوە و جیهانبینی بۆ کتێبەکە کرد و کتێەکەشم لەسەر ئەرکی خۆم چاپکرد و بڵاوم کردەوە.
خانمە شاعیر و نووسەر گوڵزار فەرەج، لە دایکبووی شاڕۆچکەی خوڕماڵە سەر بە پاڕێزگای هەڵەبجە و ئەندامی یەکێتی نوسەرانە و ئەندامی گۆنگرەی یەکێتی ژنانە، خاوەنی چەندین کتێبی شیعرییە و ئێستاش هەر بەردەوامە لە نووسین.
