دانیمارک وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ دەداتەوە
میتە فریدریکسن، سەرۆک وەزیرانی دانیمارک، وەڵامی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەداتەوە و داوای لێ دەکات واز لە هەڕەشە بهێنێت.
فریدریکسن گوتی: هیچ مانای نییە باسی پێویستیی ئەمەریکا بۆ دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند بکرێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا مافی ئەوەی نییە هیچ یەکێک لە سێ هەرێمەکەی شانشینی دانیمارک داگیر بکات.
پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکدا بیرۆکەی فراوانخوازیی زیاتری دەربڕیبوو، کاتێک گوتبووی 'ڤەنزوێلا دوا وڵات نابێت کە ئەمەریکا دەستوەردانی تێدا دەکات.' لە بارەی گرینلاندەوە، ترەمپ گوتبووی" بێگومان پێویستمان بە گرینلاندە، ئەو دوورگەیە بە کەشتیی ڕووسی و چینی دەورە دراوە."
ترەمپ، هەروا گوتی: ئەوان ئازادن چۆن مانای کاریگەریی کردە سەربازییەکەی ئێمە لە ڤەنزوێلا بۆ سەر گرینلاند لێک دەدەنەوە. چۆن ئەوە هەڵدەسەنگێنن؟ من بەڕاستی نازانم!
لە دەستپێکی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ، چەندان جار، داوای کۆنترۆڵکردنی دوورگەی گرینلاندی کردووە و بە دووری نەزانیوە بۆ کۆنترۆڵی ئەو دوورگە ستراتیجییە دەوڵەمەندە بە کانزای سروشتییە، پەنا بۆ هێزی سەربازی ببات.
گرینلاند گەورەترین دوورگەی جیهانە و دەکەوێتە باکووری ئەمەریکای باکوور لە نێوان زەریای ئەتڵەسی و جەمسەری باکوور، بەڵام لە ساڵی 1721 دانیمارک دەستی بەسەر دا گرتوە و ئێستا هەرێمێکی ئۆتۆنۆمێکی سەر بە شانشینی دانیمارکە، 80% خاکەکەی بەستەڵەکە.
