کانسێلۆ هۆشداریی دەداتە یانەی بارسێلۆنا

جواو کانسێلۆ بە درێسی یانەی هیلالی سعوودی
جواو کانسێلۆ بە درێسی یانەی هیلالی سعوودی

جواو کانسێلۆی پۆرتوگالی پێش پەیوەندیکردنی بە ئینتەرمیلان دوا ئاگادارکردنەوە دەداتە یانەی بارسێلۆنا و داوایان لێدەکات بڕیاری خۆیان بدەن.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی: کانسێلۆ لە پلانەکانی سیمیۆنی ئینزاگی نییە و یانەی هیلال لە گواستنەوەی زستانە بە ئاسانی بەشێوازی خواستن دەستبەرداری دەبێت.

بەرگریکارە پۆرتوگالییەکە خۆی پێشکەشی بارسێلۆنا کردووە، بەڵام یانە کەتەلۆنییەکە هیچ بڕیارێکی لەبارەی گواستنەوەی نەداوە، بۆیە جواو فشارەکانی بۆسەر کارگێڕی یانەکە دەستپێکردووە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کانسێلۆ داوای دڵنیایی لە بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی کردووە، لەبەرئەوەی یانەی ئینتەرمیلان لەسەر هێڵن و ئەگەر گرێبەستی لەگەڵ نەکەن نایەوێت یانە ئیتاڵییەکەی لەدەست بچێت.

بەرگریکارەکەی هیلال گوتوویەتی: دەیەوێت چارەنووسی خۆی لەم هەفتەیە یەکلایی بکاتەوە و نایەوێت هیچ کاتێك بەفیڕۆ بدات.

سپۆرت روونکردنەوەی زیاتری داوە و نووسیویەتی: کارگێڕی بارسێلۆنا بە داواکاری گەڕانەوەی جواو شۆك بوون و هەڵسەنگاندنی بۆدەکەن، لەگەڵ ئەوەش ئەو کاتەی کانسێلۆ لە یانە کەتەلۆنییەکە بوو فلیك داوای مانەوەی نەکردووە.

لە کۆتاییدا سپۆرت باسی لەوە کردووە، فلیك پێی باشە گرێبەست لەگەڵ ناوەڕاستکارێکی بە ئەزموون بکات، کە پێشتر لە خولێکی گەورە یاریی کردبێت.

لە هەموو ئەگەرێکدا یانەی بارسێلۆنا لەم هەفتەیە بڕیاری خۆی دەدات و هەموو بژاردەکان بە کراوەیی دەهێڵێنەوە، کانسێلۆش هەڵسەنگاندنی دارایی بۆ دەکرێت تاوەکو بزانرێت لە توانای یانەکەیە یان نا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل