گۆتێرێس داوای ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان دەکات

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی سیاسیی وڵاتان کردەوە.

 ئەم هەڵوێستەی گۆتێرێس دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی کتوپڕدا نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان دەستگیرکرد و واشنتنیش ڕایگەیاند، لەمەودوا سەرپەرشتیی کاروباری ئەو وڵاتە دەکات.
لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، ڕۆزماری دیکارلۆ، جێگری ئەمینداری گشتی، پەیامێکی گۆتێرێسی خوێندەوە، لە پەیامەکەدا هاتووە، لە ناو ئەو دۆخە ئاڵۆز و تەمومژاوییانەی ئێستا ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە، زۆر گرنگە هەمووان پابەندی بنەما سەرەکییەکان بن.

 ئەمینداری گشتی ئاماژەی بەوە کردووە، دەبێت بە هەموو شێوەیەک ڕێز لە سەروەریی وڵاتان، سەربەخۆیی سیاسی و یەکپارچەیی خاکەکەیان بگیرێت.

ئەم پەیامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاستەوخۆ دوای کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخی ڤەنزوێلا دێت لەلایەن ئەمەریکاوە، کە تێیدا واشنتن بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە ئیدارەی کاروباری ئەو وڵاتە دەگرێتە دەست. 

گۆتێرێس لە ڕێگەی نوێنەرەکەیەوە داوای کردووە لەم جۆرە تەنگژانەدا پاراستنی بنەما نێودەوڵەتییەکان بکرێتە کارە لەپێشینەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر پشێوییەکی زیاتر.    
ڤەنزوێلا لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەدەست قەیرانێکی سیاسی و ئابووریی قووڵەوە دەیناڵاند، کە تێیدا ململانێیەکی توند لە نێوان حکومەتەکەی مادورۆ و ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەدا هەبوو.

 ئەمەریکا کە یەکێک بوو لە نەیارە سەرسەختەکانی دەسەڵاتەکەی مادورۆ، چەندین سزای ئابووریی توندی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندبوو، دەستوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا و دەستگیرکردنی سەرۆکی وڵاتەکە، گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا و نیگەرانیی زۆری لای ڕێکخراوە جیهانییەکان دروست کردووە سەبارەت بە چارەنووسی سەروەریی نەتەوەیی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل