مادورۆ لەبەردەم دادگای نیویۆرک خۆی بێتاوان ناساند
نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی زیندانی کراوی ڤەنزوێلا لەبەردەم دادگای فیدراڵی نیویۆرک تۆمەتەکانی تیرۆر و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکانی ڕەتی کردەوە و ڕایگەیاند هێشتا سەرۆکی وڵاتە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2026، مادورۆی تەمەن 63 ساڵ، لە دادگا نیویۆرک ڕووبەڕووی چوار تۆمەتی تاوانکاری بووەوە کە بریتین بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، پیلانگێڕی بۆ هێنانی کۆکایین و هەڵگرتنی چەکی ڕەشاش و ئامێری وێرانکەر.
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا، مادورۆ لە ڕێگەی وەرگێڕێکەوە بە دەنگی بەرز لە دادگا گوتوویەتی: من بێتاوانم، من تاوانبار نیم. من پیاوێکی بەشکۆم و هێشتا سەرۆکی وڵاتەکەمم، بەڵام ئەلڤین هێلەرشتاین، دادوەری دادگای فیدراڵی نیویۆرک، ڕاستەوخۆ قسەکانی پێ بڕی و ڕێگەی نەدا درێژە بە قسەکانی بدات.
لە هەمان دانیشتندا، سیلیا فلۆریس، هاوسەری مادورۆش ئامادە بوو و ئەویش بێتاوانیی خۆی لەو تۆمەتانە ڕاگەیاند کە ئاراستەی کراون.
هاوکات بە گوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا، دادگا ڕۆژی 17ـی ئاداری 2026ـی وەک وادەی دانیشتنی دووەمی دیاری کرد.
بەگوێرەی لیستەی تۆمەتەکان، مادۆرۆ تۆمەتبارە بە سەرپەرشتیکردنی تۆڕێکی بازرگانیی کۆکایین کە هاوبەشی لەگەڵ گرووپە توندوتیژەکانی وەک کارتێلەکانی سینالۆا و زێتای مەکسیکی، چەکدارانی فارکی کۆڵۆمبی و باندی ترین دی ئاڕاوای ڤەنزوێلی هەبووە.
مادۆرۆ پێشتریش ئەو تۆمەتانە ڕەتکردووەتەوە و بە بیانو وەسفیان دەکات کە ئەمەریکا وەک پاساو بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانی و دەستگرتن بەسەر یەدەگی نەوتی دەوڵەمەندی ڤەنزوێلا بەکاری دەهێنێت.
دەستگیرکردنی مادۆرۆ لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، کاردانەوەی بەهێزی سەرکردەکانی جیهانی لێکەوتووەتەوە و بەرپرسانی حکوومەتی کاراکاسیشی تووشی شۆک و پشێوی کردووە لەوەی چۆن وەڵامی ئەو دۆخە بدەنەوە.
ڕۆژی شەممە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادورۆ لە ڤەنزوێلا ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.
