ئەردۆغان: پێشێلکردنی سەروەریی ڤەنزوێلا مەترسیدارە

دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ لەلایەن ئەمەریکاوە، سەرۆکی تورکیا پەیوەندی بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کردووە و وێڕای دەربڕینی نیگەرانی، هۆشداری دا کە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان دەرەنجامی مەترسیداری دەبێت و جەختی کردەوە کە مادورۆ دۆستی تورکیایە.

دووشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پەیامی نیگەرانی وڵاتەکەی سەبارەت بە دۆخی ڤەنزوێلا پێ گەیاندووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت ئەو وڵاتە بەرەو ناسەقامگیری ببرێت.

ئەردۆغان ڕایگەیاند: پێشێلکردنی مافی سەروەریی وڵاتان و یاسای نێودەوڵەتی هەنگاوێکی پڕ مەترسییە و دەبێتە هۆی ئاڵۆزیی مەترسیدار لەسەر ئاستی جیهان، ئێمە لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، دژی هەر کردەوەیەکین کە شەرعییەتی سیاسی و یاسای نێودەوڵەتی پێشێل بکات.

سەرۆک کۆماری تورکیا پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆکی زیندانیکراوی ڤەنزوێلا دووپات کردەوە و گوتی: مادورۆ و گەلی ڤەنزوێلا چەندین جار سەلماندوویانە کە دۆستی نەتەوەکەمانن، وەک دوو وڵاتی دۆست گرنگیمان بەوە داوە لە کاتە سەختەکاندا هاوسۆزی یەکتر بین و ئەمڕۆش بە هەمان تێگەیشتنەوە مامەڵە دەکەین.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش داوە تورکیا لە ڕیزبەندی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە بەرگری لە دادپەروەری، شەرعییەت و یاسای نێودەوڵەتی دەکەن، بۆیە لە دۆسیەی ڤەنزوێلاشدا هەوڵ دەدەن ئەوەی باشترین و ڕاستترینە ئەنجامی بدەن.

لێدوانەکانی ئەردۆغان دوای ئەوە دێن کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنێکدا نیکۆلاس مادورۆیان دەستگیر کرد و ڕەوانەی دادگایەکی نیویۆرکیان کرد.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل