حکوومەتی سووریا وەڵامی هەسەدە دەداتەوە

ئاژانسی هەواڵی سووریا 'سانا' ڕاگەیەنراوێکی حکوومەتی سووریای دەربارەی ئاڵۆزییەکانی حەڵەب بڵاو کردووەتەوە، لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: حکوومەتی سووریا جەخت لەوە دەکاتەوە ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەی 'هەسەدە' دەربارەی دۆخی شاری حەڵەب، بە تایبەت هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ناڕاستیی بنەڕەتی تێدایە و لەگەڵ واقیعی مەیدانیدا ناگونجێت و پێچەوانەی ڕێککەوتنی یەکی نیسانی 2025ـە.

جەختکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەوەی هیچ ئامادەبوونێکیان لە ناو شاری حەڵەبدا نییە، دانپێدانانە بەوەی کە هیچ  ڕۆڵ یان دەستوەردانێکی سەربازی و ئەمنیی لە شارەکەدا نییە، ئەرکی پاراستنی ئاسایش و ژیانی هاووڵاتییان دەکەوێتە سەر شانی دەوڵەتی سووریا و دامەزراوە شەرعییەکانی، ئەوەش بە گوێرەی دەستوور و یاسا ڕەچاوکراوەکان.

دەوڵەتی سووریا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاراستنی سەرجەم هاووڵاتییان، لەنێوانیشیاندا هاووڵاتییانی کورد، بەرپرسیارییەکی نیشتمانی و یاسایی جێگیرە و بۆ ئەوە نابێت سازشی لەسەر بکرێت یان پشتگوێ بخرێت و بەبێ هیچ جیاکارییەک لەسەر بنەمای ڕەگەز یان ئینتیما پیادە دەکرێت، هەروەها بە توندی هەر هەوڵێک بۆ وێناکردنی ڕێکارە ئەمنییەکان وەک بە ئامانجگرتنی پێکهاتەیەکی دیاریکراو ڕەت دەکاتەوە.

 هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکان دووپاتی دەکەنەوە کە ئەوانەی لە ناوچە نائارامەکانەوە ئاوارە بوون، تەنها دانیشتووانی مەدەنین و سەرجەمیان لە هاووڵاتییانی کوردن، کە بەهۆی ترس لە هەڵکشانی دۆخەکە ناوچەکانی خۆیانیان بەجێ هێشتووە و پەنایان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکانی بردووە، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر متمانەی هاووڵاتییانی کورد بە دەوڵەتی سووریا و توانای دەوڵەت بۆ دابینکردنی پاراستن و ئاسایش بۆیان، هەروەها ئەو بانگەشانە پووچەڵ دەکاتەوە کە باس لە بوونی هەڕەشە یان بەئامانجگرتنی ئەوان دەکەن. 

حکوومەتی سووریا ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو ڕێکارانەی لە دەوروبەری گەڕەکەکانی (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) گیراونەتە بەر، تەنها لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایش و ڕێگرییە لە هەر چالاکییەکی چەکداری لە ناوچە نیشتەجێبووەکان یان بەکارهێنانیان وەک کارتی فشار لەسەر شاری حەلەب، لەگەڵ پابەندبوونی تەواو بە پاراستنی مەدەنییەکان و مسۆگەرکردنی سەلامەتییان و دەستدرێژی نەکردنە سەر موڵک و ماڵیان. 

دەوڵەتی سووریا داواکارییەکەی بۆ دەرچوونی گرووپە چەکدارەکان لە ناو هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، نوێ دەکاتەوە و داوا دەکات مەدەنییەکان بە تەواوی لە هەر ململانێیەکی سیاسی یان میدیایی دوور بخرێنەوە، هەروەها ڕەتی هەر جۆرە وتارێکی هاندەرانە و تۆقێنەر دەکاتەوە کە ببێتە هۆی زیاترکردنی گرژی و تێکدانی سەقامگیری، و جەخت دەکاتەوە کە هەر مامەڵەیەک لەگەڵ دۆخی شاری حەلەب دەبێت لەسەر بنەمای سەروەریی دەوڵەت و یەکپارچەیی خاکەکەی بێت، بە شێوەیەک کە ئاسایش و کەرامەتی هەموو هاووڵاتییان بەبێ جیاوازی مسۆگەر بکات.