ئاسایشی حەلەب: هیچ ئاگربەستێک لە ئارادا نییە و حکوومەتی دیمەشق خۆی بۆ هێرشێکی فراوان ئامادە دەکات

ناوەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، بە توندی هەبوونی هەرچەشنە ئاگربەستێک ڕەتدەکاتەوە و هۆشداری دەدات لەوەی هێزەکانی حکوومەتی دیمەشق لە ژێر پەردەی بڵاوکردنەوەی دەنگۆی چەواشەکارانەدا، خۆیان بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی فراوان لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا ئامادە دەکەن، ئەوەش دوای ئەوەی لە چوار هێرشی پێشوویاندا ڕووبەڕووی شکست بوونەتەوە.

چوارشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە بوونی هێوربوونەوە یان ئاگربەست لە شاری حەلەب دەکەن و بە چەواشەکاری ناوی بردن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاسایشی حەلەب ڕایگەیاندوە: سەرجەم ئەو هەواڵانەی باس لە هێوربوونەوە دەکەن دوورن لە ڕاستییەوە و ئامانج لێیان فریودانی ڕای گشتی و داپۆشینی تاوانەکانی چەکدارانی حکوومەتی دیمەشقە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەموو هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەهۆی پێداگریی هێزەکانی حکوومەتی دیمەشق لەسەر شەڕ، شکستیان هێناوە. ئاسایش هۆشداری دەدات ئەو هێزانە لە کاتێکدا تۆپباران و فڕینی درۆنەکانیان بەردەوامە، ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی فراوان لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا.

ئاسایش ئاشکرای کردووە هێزەکان تا ئێستا چوار هێرشی یەک لە دوای یەکیان بە تانک و زرێپۆش ئەنجام داوە، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و بە پشتیوانی دانیشتووانی گەڕەکەکان بەرپەرچ دراونەتەوە.

لە کۆتاییدا ئاسایشی حەلەب جەختی کردووەتەوە کە دانیشتووانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە پابەندن بە مانەوە لە ماڵەکانیان و بە توندی کۆچپێکردنی زۆرەملێ ڕەتدەکەنەوە، لایەنی بەرانبەریشی بە بەرپرسیار دانا لە هەر دەرەنجامێکی مەترسیدار کە بەهۆی ئەم هێرشانەوە دروست ببێت.