بە هاوکاریی بەریتانیا، ئەمەریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ڕووسیدا گرت
مۆسکۆ بە توندی ڕەخنەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان گرت بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە ئاڵای ڕووسیای لەسەر بووە لە باکووری ئۆقیانووسی ئەتڵەسی.
چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەم 2026، وەزارەتی گواستنەوەی ڕووسیا لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی 1982 سەبارەت بە یاسای دەریاکان، ئازادیی دەریاوانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە هێز دژی ئەو کەشتییانە بەکار بهێنێت کە بەپێی یاسا لەژێر دەسەڵاتی وڵاتانی دیکەدا تۆمارکراون."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە کەشتییەکە ناوی خۆی لە «Bella-1»ـەوە بۆ "Marinera" گۆڕیوە و لە 24ی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا مۆڵەتی کاتیی وەرگرتووە بۆ دەریاوانی لەژێر ئاڵای ڕووسیادا. ئەمڕۆ پەیوەندی لەگەڵ کەشتییەکە پچڕاوە، دوای ئەوەی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا دەستیان بەسەردا گرتووە.
لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، هاتووە "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زانیارییانەی گەیشتوون، چەندان هاوڵاتیانی ڕووس لەناو ستافی کەشتییەکەدا هەن، ئێمە داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەین مامەڵەی مرۆیی و شایستەیان لەگەڵ بکات و ماف و بەرژەوەندییەکانیان مسۆگەر بکات و بە خێرایی بیانگەڕێنێتەوە بۆ نیشتمان."
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند کە یارمەتی پێویستی پێشکەش بە ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرە ڕووسییەکە، پاش ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا چەند ڕۆژێکە بەدوایەوەن.
لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیادا هاتووە "هێزەکانی بەریتانیا یارمەتی ئۆپەراسیۆنی هەماهەنگکراویان پێشکەش بە هێزەکانی ئەمەریکا کرد کە ڕێگرییان لەو کەشتییە ڕووسییە لە نۆکەندی نێوان بەریتانیا و ئایسلەندا و گرینلاند، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا داوای یارمەتییان کرد."
ویلایەتە یەکگرتووەکان، پێشتر، دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی لە باکووری ئۆقیانووسی ئەتڵەسی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو گەمارۆیەی واشنتن بەسەر کەشتییە نەوتییەهەڵگرەکانی گواستنەوەی نەوتی ڤەنزوێلا سەپاندوویەتی؛ ئەمە پاش ماوەیەکی کەم لە بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە ئەمەریکییەکان سەبارەت بە ناردنی ژێردەریاییەکی ڕووسی بۆ یاوەریی کەشتییەکە.