حکوومەتی بەریتانیا ڕێکاری توند بەرامبەر بە پەنابەران دەگرێتەبەر
حکوومەتی بەریتانیا ڕێکاری توند بەرامبەر بە پەنابەران دەگرێتەبەر و مۆبایلی هەموو ئەو کەسانە دەپشکنێت کە بە نایاسایی دەگەنە وڵاتەکە.
حکوومەتی بەریتانیا بڕیارێکی نوێی سەبارەت بەو پەنابەرانە دەرکرد کە لە ڕێگەی بەلەمی بچووکەوە لە فەرەنساوە دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا. بەگوێرەی بڕیارەکە، پۆلیسی بەریتانیا دەسەڵاتی تەواوی پێدراوە بە شێوەیەکی دەستبەجێ مۆبایلی ئەو پەنابەرانە بپشکنێت کە دەگەنە کەناراوەکانی وڵاتەکە.
دلۆڤان ئەحمەد، پەیامنێری کوردستان 24 لە لەندەنەوە گوتی: ئەم ڕێکارە نوێیە تەنیا پشکنینی مۆبایل ناگرێتەوە، بەڵکو پۆلیس بۆی هەیە پشکنینی "دەمی" پەنابەرانیش بکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئایا سیمکارت و میمۆرییان لە ناو دەمیاندا نەشاردووەتەوە.
ئامانجی سەرەکی حکوومەتی بەریتانیا لەم بڕیارە، دەستکەوتنی زانیارییە لەسەر قاچاخچییەکان و دۆزینەوەی سەرەداوی ئەو تۆڕانەی کە کاری گواستنەوەی نایاسایی پەنابەران دەکەن. زۆرجار قاچاخچییەکان خۆیان وەک پەنابەر نیشان دەدەن و تێکەڵی خەڵکەکە دەبن، حکوومەت دەیەوێت لە ڕێگەی داتاکانی ناو مۆبایلەکانەوە ئەو کەسانە ئاشکرا بکات.
سەبارەت بە مافی مانەوەش، ئاماژە بەوە کرا؛ تەنانەت ئەگەر پەنابەرێک مافی پەنابەریشی پێ بدرێت، دەبێت بۆ ماوەی 20 ساڵ چاوەڕێ بکات تاوەکو مافی مانەوەی هەمیشەیی پێ دەدرێت. ئەمەش وەک فشارێک بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە نایاسایی ڕوو لە بەریتانیا دەکەن.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە زۆربەی پەنابەران پێش گەیشتنیان مۆبایلەکانیان فڕێ دەدەنە ناو ئاوەکە یان زانیارییەکانی ناوی دەسڕنەوە بۆ ئەوەی ڕێڕەوی گەشتەکەیان و پەیوەندییەکانیان ئاشکرا نەبێت.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا جەخت کرایەوە بارودۆخی پەنابەران لە بەریتانیا زۆر سەخت بووە و ڕێکارە یاساییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توندتر دەکرێن، بەتایبەت بۆ ئەو پەنابەرانەی کە لە ناوچەکانی ڕاپەڕین، پشدەر و بیتوێن و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە بە نایاسایی کۆچ دەکەن.