هەسەدە: دۆخی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بەرەو شەڕێکی فراوانمان دەبات

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕەتی کردەوە هیچ هێزێکی سەربازییان لە شاری حەلەب هەبێت و هۆشداریشی دا لەوەی بەردەوامی هێرشەکانی سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، سووریا دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی شەڕێکی کراوە.

چوارشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی داوە، زیاتر لە شەش مانگە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لەلایەن چەکدارانی حکوومەتی دیمەشقەوە گەمارۆی تەواوەتییان خراوەتە سەر. هەسەدە جەخت دەکاتەوە ئەو دوو گەڕەکە بە هیچ شێوەیەک هەڕەشەی سەربازی دروست ناکەن و نابنە شوێنی دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر شاری حەلەب.

فەرماندەییەکە ئەو دەنگۆیانەی بە درۆ و هەڵبەستراو وەسف کرد کە لەلایەن چەکدارانی سەر بە حکوومەتی دیمەشقەوە بڵاودەکرێنەوە گوایە جموجۆڵی سەربازیی هەسەدە لەو گەڕەکانە هەیە، و ڕایگەیاند: ئەم بانگەشانە تەنیا بۆ پاساوهێنانەوەیە بۆ گەمارۆ و بۆردوومان و کۆمەڵکوژکردنی مەدەنییەکان.

هەسەدە ڕاشیگەیاندووە: بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە جەخت دەکەینەوە کە هیچ سەربازێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە شاری حەلەب نییە و پێشتر بە ئاشکرا و بەپێی ڕێککەوتنێکی ڕوون کشاونەتەوە و دۆسیەی ئەمنی ڕادەستی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کراوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، هەسەدە داوای لە وڵاتان و لایەنە بەرپرسەکانی ناو حکوومەتی سووریا کردووە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و کار بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆ و بۆردوومانی سەر مەدەنییەکان بکەن.

هەسەدە هۆشداری توندیشی داوە و دەڵێت: بەردەوامی ئەم دەستدرێژییانە تەنیا کاریگەری لەسەر شێخ مەقسود و حەلەب نابێت، بەڵکوو سووریا بەتەواوی دەگەڕێنێتەوە بۆ گۆڕەپانی شەڕێکی کراوە، بەرپرسیارێتی ئەوەش دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی پێداگری لەسەر بژاردەی هێز دەکەن.

لە کۆتاییدا هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاندووە بە هەستیارییەکی زۆرەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن و بەکارهێنانی مەدەنییەکان وەک کارتێکی فشار یان قەڵغانی مرۆیی تاوانە.