هاکان فیدان: هیوادارین زەمینەیەکی باش بۆ دانووستان لە سووریا پێکبێت
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، سووریا وڵاتێکی دراوسێی ئێمەیە، ھەموو ئەو شتانەی لەوێ ڕوودەدەن ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئێمەوە ھەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا چەند پرسێکمان تاوتوێ کرد و تورکیا لە نزیکەوە چاودێری دانووستانەکانی نێوان ئیسرائیل، سووریا و ئەمەریکا دەکات، لە ڕاوێژی بەردەوامداین لەگەڵ ھەردوو لایەنی سووریا و ئەمەریکا، بەیەکەوە کۆبووینەوە کۆمەڵێک بابەتمان بە وردی تاوتوێ کرد.
هاکان فیدان گوتی: لە پاريس لەگەڵ تۆم باراک کۆبووینەوە و پێشهات و دانوستانە سێقۆڵییەکانی نێوان سووریا، ئیسرائیل و ئەمەریکا، تاوتوێکران.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، سووریا وڵاتێکی دراوسێی ئێمەیە، ھەموو ئەو شتانەی لەوێ ڕوودەدەن ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئێمەوە ھەیە، ھیوادارین زەمینەیەکی باش بۆ دانووستان و ڕێککەوتنێک بدۆزینەوە کە ھەموو لایەنەکان ڕازی بکات و سەقامگیری بەدەست بھێنێت.