ئاسایشی حەلەب: ژمارەی قوربانییانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بۆ 61 کەس بەرزبوونەوە

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ئاشکرای کرد، بەهۆی چڕبوونەوەی بۆردوومانەکانی هێزەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، ژمارەی قوربانییانی مەدەنی بۆ 61 کوژراو و بریندار بەرزبوونەوە.

چوارشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی مەدەنی گەیشتووەتە 7 کەس و ژمارەی بریندارانیش بۆ 54 کەس بەرزبوونەتەوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم زیانانە دەرەنجامی ئەو بۆردوومانە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بە بەکارهێنانی تانک، تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) دەکەنە سەر شوێنە نیشتەجێبوونەکان.

ئاسایش ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکان هاوکاتن لەگەڵ سەپاندنی گەمارۆیەکی توند بە تانکەکانەوە لەسەر ئەو دوو گەڕەکەدا. ناوەندەکە ئەم کردەوانەی بە بیرهێنانەوەی شێوازەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد وەسف کردووە لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی و بیانووی هەڵبەستراو بۆ ملکەچکردنی ناوچەکان.