هەسەدە: هێزەکانمان هێرشێکی داعشیان لە دێرەزوور تێکشکاند

هەسەدە: چەند ناوچەیەک لەلایەن گرووپەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشقەوە تۆپباران کران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، لە ڕاگەیاندراوێکدا هێزەکانی سووریا دیموکرات "هەسەدە" ڕایگەیاند؛ هێزەکانمان توانییان هێرشێکی تیرۆریستیی شانە نوستووەکانی ڕێکخراوی داعش لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور پووچەڵ بکەنەوە. هاوکات چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە شارۆچکەی دێرحەفەر و شاری حەلەب کەوتنە بەر هێرشی تۆپخانەکان.

شانەیەکی تیرۆریستیی سەر بە داعش، یەکێک لە پێگە سەربازییەکانی هێزەکانمانی لە شارۆچکەی "مەڕەشدە" لە گوندی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور کردە ئامانج. تیرۆریستان لە هێرشەکەدا چەکی جۆری "ئاڕ پی جی" و "دۆشکە"یان بەکارهێنا، بەڵام هێزەکانمان بە خێرایی و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵامی سەرچاوەی تەقەکانیان دایەوە و هێرشەکەیان تێکشکاند. خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لە ڕیزەکانی هێزەکانمان نەکەوتووەتەوە.
دوای هێرشەکە، هێزەکانمان ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینی بەرفراوانیان لە ناوچەکە دەستپێکرد بە مەبەستی چەسپاندنی ئاسایش و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی دزەکردنی دیکە.

هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی داعش، گرووپی "عەمشات"ی سەر بە حکوومەتی دیمەشق، شارۆچکەی دێرحەفەریان بە تۆپ و هاوەن بۆردومان کرد. هێرشەکە ناوچەیەکی مەدەنیی کردە ئامانج، بەڵام تەنیا زیانی ماددی لێکەوتەوە. هێزەکانمان جەخت دەکەنەوە کاتی ئەنجامدانی ئەم دوو هێرشە (داعش و گرووپەکانی سەر بە دیمەشق) بەڵگەیە لەسەر هەوڵێکی هاوئاهەنگ بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە.

لە لایەکی دیکەوە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رایگەیاند؛ دوای نیوەشەو کاتژمێر 3:49 گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە پێنج گولە تۆپ گەڕەکی "ئەلشەقیف"یان لە شاری حەلەب بۆردومان کرد. هەروەها لە پەرەسەندنێکی توندتردا، بە تانک و موشەکی "گڕاد" هێرشیان کردە سەر بەشی ڕۆژهەڵاتی گەڕەکی "شێخ مەقسوود". ئەم هێرشانە زیانی ماددی زۆریان بە موڵک و ماڵی هاووڵاتیان گەیاندووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.

هێزەکانمان دووپاتی دەکەنەوە بەردەوام دەبن لە ڕاوەدوونانی تیرۆریستان و پاراستنی سەلامەتی خەڵکی مەدەنی، و بە توندی ڕووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبنەوە کە بیەوێت ئاسایشی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.