ئاسایش ڕێککەوتنی ئاگربەست لە حەلەب ڕەت دەکاتەوە و هۆشداری لە هێرشێکی بەرفراوان دەدات

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە ئیدارەی خۆسەر، هەموو ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردەوە کە باس لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست دەکەن.

ناوەندیی ڕاگەیاندنی ئاسایش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە ئاگربەست دەکەن دوورن لە ڕاستییەوە و تەنیا "هەڵمەتێکی چەواشەکاری میدیایین" بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو تاوانانەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری دیمەشق لە ناوچەکەدا ئەنجامی دەدەن.

ئاسایش ئاماژەی بەوەش کرد؛ هەموو دەستپێشخەرییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەهۆی پێداگریی هێزەکانی حکوومەتی سووریا لەسەر پەرەسەندنی سەربازی شکستیان هێناوە، هۆشداریشی دا؛ هێزەکانی دیمەشق ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان لە چەند کاتژمێری داهاتوودا.

ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تا درەنگانی شەوی چوارشەممە، گەڕەکەکانی (شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە) ڕووبەڕووی تۆپبارانێکی قورس بوونەتەوە و درۆنەکان بەردەوام بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە. بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان، گرووپە چەکدارەکان چوار هێرشی یەک لە دوای یەکیان بە پاڵپشتی تانک و زرێپۆش ئەنجامداوە، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و بە هاوکاری دانیشتووانی ناوچەکە بەرپەرچ دراونەتەوە.

دانیشتووانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، وێڕای مەترسییەکان، سووربوونی خۆیان لەسەر مانەوە لە ماڵ و حاڵیان دووپاتکردەوە. ناوەندیی ڕاگەیاندنی ئاسایش ڕایگەیاند؛ خەڵکی ناوچەکە بەهۆی ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوویان، هەر جۆرە ئاوارەبوونێکی زۆرەملێ ڕەت دەکەنەوە و بژاردەی بەرگریکردنیان لە ژیان و بوونی خۆیان هەڵبژاردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) نیگەرانی خۆی لە تێکچوونی باری مرۆیی و پەرەسەندنی ئاوارەبوونی خەڵک دەربڕی. ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا داوای لە هەموو لایەنە شەڕکەرەکان کرد کە:
1- پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن و ناوچە نیشتەجێبووەکان نەکەنە ئامانج.
2- دەستبەجێ بەکارهێنانی چەکی بێ جیاوازی ڕابگرن.
3- ڕێگای سەلامەت و بێ بەربەست بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و دەربازبوونی مەدەنییەکان بکەنەوە.

ئێستا، شاری حەلەب لەبەردەم قۆناغێکی هەستیاردایە، لە کاتێکدا هەڕەشەی هێرشی زەمینی هێزەکانی حکوومەت بەردەوامە، ئاسایش هۆشداری دەدات، هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی واقیعێکی سەربازی نوێ بەبێ وەڵام نابێت و لایەنی هێرشبەر بەرپرسیار دەبێت لە دەرئەنجامەکان.