یەکێتی ئەوروپا داوای دانبەخۆداگرتن دەکات
یەکێتی ئەوروپا ئەمڕۆ پێنجشەممە داوای لە چەکدارانی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) کرد، دانبەخۆدا بگرن و بە زووترین کات کار بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی بکەن.
ئەنوەر عەنونی، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی ئەوروپا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، پێویستە هەموو لایەنەکان پابەندی ئارامی بن و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە و دیپلۆماسی بۆ قەیرانەکە چڕ بکەنەوە.
ئەم داوایەی یەکێتی ئەوروپا نیشانەی نیگەرانیی زۆری نێودەوڵەتییە لەبارەی پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لە باکووری سووریا و ئەو مەترسییە گەورانەی کە ڕووبەڕووی دانیشتووانی ناوچەکە دەبنەوە.
ئەم هەڵوێستە نێودەوڵەتییە لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەی ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا، بە سەردانێکی فەرمی بگەنە دیمەشق بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتیی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دێت، بەتایبەت کە لە سەرەتای ساڵی 2026دا ململانێکان لە حەلەب قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییان بەخۆوە بینیوە و یەکێتی ئەوروپاش دەیەوێت لە ڕێگەی فشارە سیاسییەکانەوە ڕێگری لە دروستبوونی کارەساتی مرۆیی و شەپۆلی نوێی ئاوارەبوون بگرێت.