بۆڕی ئاوی ئیفراز 3 چاککرایەوە و دابەشکردنی ئاو دەستیپێکردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2026، لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر ڕایگەیاند؛ دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی 11ـی کانوونی دوومەی 2026، بۆڕی هێڵی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز 3  'تیرە 1500ملم لە جۆری GRP' تووشی شکان هات، دەستبەجێ تیمەکانی چاککردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.

دەشڵێت: تیمەکانمان بە درێژایی شەو سەرقاڵی کارکردن بوون و لە درەنگانی شەودا توانرا بۆڕیەکە بە سەرکەوتوویی چاک بکرێتەوە. لە ئێستاشدا ئاو بە ئاراستەی عەمبارەکان ڕەوانە کراوە و پرۆسەی پڕکردنەوەی تۆڕەکان دەستیپێکردووە.

ڕاشیگەیاند؛ ئاگاداری هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەینەوە کە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێککەوتی 12ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاو بە قۆناغ دەگاتەوە ئەو گەڕەک و شوێنانەی کە بەهۆی ئەم شکانەوە بێ ئاو بوبوون.