یەدیعۆت ئەحرۆنۆت: شەرع مەودای مانۆڕی ئیسرائیل بەرتەسک دەکاتەوە
ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەستی کورددا بوون لەلایەن دەسەڵاتی نوێی سووریاوە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، پێگەی دەوڵەتی سووریا لە هەر دانوستانێکی داهاتوودا بەهێزتر دەکات. بەڵام ئەم ڕێکخستنە نوێیانە مەودای مانۆڕی سیاسی و سەربازیی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا کەم دەکەنەوە.
چەند شرۆڤەکارێکی ئیسرائیلی ئاماژەیان بەوە کردووە؛ ئیسرائیل ئێستا بە پلەی یەکەم خەمی سەلامەتیی کۆمەڵگەی درووزەکانیەتی لە سووریا، کە پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵیاندا هەیە. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل بانگەوازەکانی پێشووی بۆ پشتگیریکردنی کورد کەمکردووەتەوە، چونکە پێی وایە ئەم پرسە بە تەواوی کەوتووەتە ژێر چاودێری و بەرپرسیارێتی ئەمریکاوە.
جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئیدانەی ئەو پێشێلکاریانەی کرد؛ بەرامبەر هاووڵاتیانی مەدەنی کورد دەکرێن و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر ئەو گرووپانە جێبەجێ بکەن کە ساڵانێک دژی داعش جەنگاون.
ساریت زەهافی، سەرۆکی ناوەندیی "ئالما" بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی باکوور، ڕایگەیاند: "ئەم پێشهاتانە ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی سووریایە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێز." جەختی کردەوە پێویستە ئیسرائیل بە ڕێبازی ئەمنیی خۆیدا لەسەر سنوورەکان بچێتەوە، چونکە مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتێکی سەقامگیر جیاوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنە دابەشبووەکان و گرووپە چەکدارەکان.
بەشێکی دیکەی شرۆڤەکان باس لە پەرەسەندنی ڕۆڵی تورکیا دەکەن لە ململانێی سووریادا. ئیسرائیل تورکیا وەک فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە لە هاوسەنگیی هێزی ناوچەکەدا دەبینێت.
شارەزایان بەو ئەنجامە دەگەن ئەوەی لە باکووری سووریا دەگوزەرێت، تەنیا بابەتێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو قۆناغێکی نوێیە لە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی ناوچەکە و ئیسرائیلیش ناچارە خۆی لەگەڵ ئەم واقیعە نوێیەدا بگونجێنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی.