بارسێلۆنا 2 مەرجی بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی لیڤاندۆڤسكی داناوە
ئەگەر لیڤا بەو مەرجانە رازی نەبێت دەبێت لە بارسێلۆنا بڕوات.
تا دێت میدیایەكانی ئیسپانیا قسە و باسی زیاتر لەبارەی چارەنووسی رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی دەكەن، سەرچاوەیەكی نزیكیش لە یانە كەتەلۆنییەكەش رایگەیاندووە بارسێلۆنا بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی هێرشبەرە پۆڵەندییەكە دوو مەرجی داناوە.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی هێرشبەری بارسێلۆنا، هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت، یانەکەش ئامادەیە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، بەڵام دوو مەرجیان بۆ یاریزانەکە داناوە، مەرجی یەکەمیان کەمکردنەوەی مووچەکەیەتی کە ساڵانە نزیکەی 26 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی سەرچاوەکە دەستیکەوتووە، کارگێری بلاوگرانا پێشنیاری بۆ گۆڵکارە پۆڵەندییەکە کردووە مووچەکەی بۆ نیوە کەم بکاتەوە، ئەویش بەهۆی ئەو کێشە داراییانەی هەیانە.
مەرجی دووەمی یانەکەش ئەوەیە ئەو یاریزانە رەنگە دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، خولەکی کەمتر لە پێکهاتەی سەرەکی یاری بکات، ئەویش بەهۆی هەڵكشانی تەمەنی، بۆیە کارگێڕی بارسێلۆنا چاوەڕێی وەڵامی پێشنیارەکانی دەکات، بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی.
لیڤاندۆڤسكی تەمەن 37 ساڵ، هاوینی 2022 لە بایرن میونشنەوە بە بەهای 45 ملیۆن یۆرۆ روویكردە بارسێلۆنا، لیڤا لەگەڵ یانە كەتەلۆنییەكە لە كۆی 169 یاری، 111 گۆڵ و 22 ئەسیستی كردووە.