ناتۆ: سازشمان لە بارەی گرینلاندەوە بۆ ئەمریکا نەکردووە

گوتەبێژی ناتۆ، ڕایگەیاند، مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە میانی گفتوگۆکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە گرینلاند، هیچ سازشێکی لەسەر گرینلاند نەکردووە. 

پێنجشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەلیسۆن هارت گوتەبێژی ناتۆ، ڕایگەیاند، سکرتێری گشتی ناتۆ لە کاتی کۆبونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە داڤۆس هیچ سازشێکی لەبارەی سەروەری گرینلاندەوە نەکردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، سەروەری گرینلاند بە پارە ناکڕدرێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە، مارک ڕوتە سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕۆژی چوارشەممە، جەختی کردەوە، لە میانی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەو دوورگەیە باسی پرسی سەروەری دانیمارکی بەسەر گرینلانددا نەکردووە.

ڕوتە گوتویەتی: "ڕێککەوتنێکی باشمان هەیە بۆ ئەوەی لە ڕاستیدا دەست بکەین بە کارکردن لەسەر ئەم پرسانە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ ئەمریکا تەنها هەندێک ووردەکاری ماوە دەبێت لە بارەی گرینلاندەوە گفتوگۆیان لە بارەوە بکرێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشووتر ڕاگەیاندبوو، کۆبونەوەکەی لەگەڵ مارک روتە سکرتێری گشتی ناتۆ، چوارچێوەیەکە بۆ رێککەوتنی داهاتوویان سەبارەت بە گرینلاند و تەواوی ناوچەکانی جەمسەری باکوور. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا لە ئەگەری رێککەوتن لە بارەی گرینلاندەوە سزای ئەو وڵاتانە نادات کە پشگیری دانیمارک دەکەن، ئەم لێدوانەش لە کاتێکدایە لە چەند رۆژی ڕابردوودا ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی راگەیاند ئەگەر رێگری بکەن لە کڕینی دوورگەی گرینلاند لە لایەن ئەمریکاوە.