عێراق دووەم گەورەترین هاوردەکاری میوە و سەوزەی تورکیایە
یەکێتیی هەناردەکارانی میوە و سەوزەی دەریای ناوەڕاست رایگەیاند، لە ساڵی 2025دا عێراق وەک دووەم گەورەترین هاوردەکاری میوە و سەوزەی تورکیا دەستنیشانکراوە.
فەرحات گورووش، سەرۆکی یەکێتیی هەناردەکارانی میوە و سەوزەی دەریای ناوەڕاست ئاماژەی بەوە کرد،" هەناردەی میوە و سەوزەی تورکیا لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 3.7 ملیار دۆلار، ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 9% زیادی کردووە. ناوبراو روونیشیکردەوە کە 80%ی هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان بۆ 20 وڵاتی جیاوازی جیهانە."
سەرۆکی یەکێتییەکە باسی لەوەش کرد کە رووسیا پێگەی خۆی وەک یەکەمین بازاڕی هەناردەکردن پاراستووە و بڕی 865.1 ملیۆن دۆلار میوە و سەوزەی بۆ رەوانە کراوە. عێراقیش بە زیادبوونێکی بەرچاو کە دەگاتە 114%، لە پلەی دووەم دێت و بەهای هەناردە بۆی گەیشتووەتە 838.7 ملیۆن دۆلار، لە پلەی سێیەمیشدا وڵاتی رۆمانیا دێت بە بڕی 290.8 ملیۆن دۆلار.
گورووش ئاماژەی بەوەش دا، تورکیا لە هەناردەکردنی میوە و سەوزەدا جەخت لەسەر بازاڕە دراوسێکانی دەکاتەوە و رایگەیاند، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا، بەڵقان و رووسیا هێشتا بڕبڕەی پشتی هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی تورکیا پێکدەهێنن.