عێراق بە نهێنی و لە شەوی تاریکدا زیندانیییەکانی داعش لە سووریاوە دەگوازێتەوە عێراق
حکوومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، قۆناغی یەکەمی پڕۆسەی گواستنەوەی سەدان زیندانیی مەترسیداری داعشی لە سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق دەستپێکرد.
بەپێی زانیارییەکانی دیلان بارزان، نێردراوی کوردستان 24 بۆ رۆژئاوای کوردستان، لە دوو رۆژی رابردوودا 300 چەکداری داعش کە چەندین بەرپرسی باڵای رێکخراوەکەیان تێدایە، لە بەندیخانەی سناعە لە شاری حەسەکە وەرگیراونەتەوە و رەوانەی بەندیخانەکانی عێراق کراون.
پڕۆسەی گواستنەوەکە بە چاودێرییەکی توندی ئەمنی و لە درەنگانی شەودا ئەنجامدراوە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی کاروانەکە لە هەر ئەگەرێکی هێرشی گروپە چەکدارەکان یان شانە نوستووەکانی داعش لە ناوچەکەدا.
بەپێی پلانەکە، ئەمە تەنیا سەرەتای پڕۆسەکەیە، چونکە زیاتر لە 5 هەزار چەکداری تری داعش لەو زیندانەدا ماونەتەوە و بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا بە چەند قۆناغێکی جیاواز و بە شێوەیەکی نهێنی بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق.
لە لایەکی دیکەوە، شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان 24 لە بەغدا ئاشکرای کرد، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە فەرمی زیندانییەکانی وەرگرتووە و ئێستا دادگاکان خەریکی بەدواداچوونن بۆ دۆسیەکانیان، بۆ ئەم مەبەستە حکوومەت دەستی کردووە بە ئامادەکردنی چەند خێوەتگە و ناوەندێکی تایبەت بۆ نیشتەجێکردنی ئەو زیندانیانە لە ژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدا.
ئەم بڕیارەی حکوومەتی عێراق کاردانەوەی توندی لەسەر ئاستی ناوخۆیی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت لە پارێزگای نەینەوا.
ئەحمەد کەنعان، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند: ئەوان بە توندی دژی گواستنەوەی ئەو تیرۆریستانەن بۆ سنووری پارێزگاکەیان، چونکە مەترسیی جدی بۆ سەر پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و راکێشانی وەبەرهێنان لە مووسڵ دروست دەکات و کاریگەرییەکی دەروونیی خراپی لەسەر دانیشتووانی ناوچەکە دەبێت کە هێشتا شوێنەواری داعشیان لەبیر نەکردووە.
لە رووی دیپلۆماسیشەوە، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ راڵف شرۆدەر، نێردەی یەکێتی ئەوروپا، داوای لە وڵاتانی جیهان و ئەوروپا کرد، بەرپرسیارێتییەکانیان هەڵبگرن و هاووڵاتییە چەکدارەکانی خۆیان لە ناو داعش وەربگرنەوە.
ئەعرەجی جەختی کردەوە، عێراق لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی زیندانییەکان، کار دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ژمارەیەکی تری هاووڵاتییانی لە کەمپی هۆلەوە بۆ ئەوەی دوای شیاندنەوەیان تێکەڵی کۆمەڵگە بکرێنەوە.
دۆسیەی زیندانیانی داعش لە باکووری سووریا و کەمپی هۆل، یەک لە پڕکێشەترین پرسە ئەمنییەکانی ناوچەکەیە، زیندانی سناعە لە حەسەکە کە هەزاران توندڕەوی تێدایە، پێشتریش چەندین جار هەوڵی یاخیبوون و هێرشی بۆ دراوە، ئەمەش وای کردووە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی فشار بخاتە سەر عێراق بۆ وەرگرتنەوەی چەکدارەکان.