عراقچی: هەینی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچێت

دوای ئەوەی لە بەشێک لە میدیاکان وا بڵاو بووەوە کە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عەممان هەڵوەشاوەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەتی کردەوە و ڕایگەیاند، دانوستانەکە وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە بەڕێوەدەچێت.

چوارشەممە 4ـی شوباتی 2026، عەباسی عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: گفتوگۆکانی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران لەگەڵ ئەمریکا ڕۆژی هەینی کاتژمێر 10 بەیانی لە مەسقەت بەڕێوەدەچێت.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران سوپاسی سەرکردەکانی عەممان کرد، بۆ ڕێکخستنی ئەو دانوستانە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکی، لە زاری بەرپرسانی باڵای واشنتنەوە بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی ئەمریکا پەیامێکی یەکلاکەرەوەیان ئاراستەی تاران کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون: "کە واشنتن سازش لەسەرشوێن و شێوازی دیاریکراوی دانوستانەکان ناکات".

ئەو بەرپرسانەی ئاماژەیان بەوە کرد، دانوستانە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان وانشتن و تاران، کە بڕیار بوو هەینی بەڕێوە بچێت هەڵوەشانەوە.