ئەکسیۆس: بە فشاری 9 سەرکردەی عەرەبی، ئەمریکا و ئێران گەڕانەوە دانوستان

دوای ئەوەی بەهۆی ناکۆکی لەسەر شوێن و شێوازی کۆبوونەوەکە، نزیک بوو گفتوگۆکان هەڵبوەشێنەوە، بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاشکرایان کرد کە ڕۆژی هەینی داهاتوو، دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عەممان بەڕێوە دەچێت. ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە نۆ وڵاتی ناوچەکە داوایان لە ئیدارەی ترەمپ کرد پاشەکشە لە گفتوگۆکان نەکات.

چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆس، لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، پلانەکان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆکان کارا کراونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییان بە ئیدارەی ترەمپەوە کردووە و داوایان کردووە هەڕەشەی کشانەوە لە گفتوگۆکان جێبەجێ نەکات، چونکە شکستی دیپلۆماسی ترسێکی گەورەی لای وڵاتانی ناوچەکە دروست کردبوو کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەنا بۆ بژاردەی سەربازی ببات.

سەرەتا ئەمەریکا پلانی دانابوو گفتوگۆکان لە ئیستەنبوڵ و بە بەشداریی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بکرێت بۆ باسکردنی دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکی و گرووپە چەکدارەکان، بەڵام ئێران سوور بوو لەسەر ئەوەی دەبێت کۆبوونەوەکە لە عەممان بێت و تەنیا دووقۆڵی بێت بۆ ئەوەی تەنیا تەرکیز لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی بکرێت.

سەرچاوەکان دەڵێن، سەرەتا ئەمەریکا ئەو مەرجەی ڕەتکردەوە و بە ئێرانییەکانی گوتووە، یان مەرجەکانی ئێمە یان هیچ، بەڵام لەژێر فشاری هاوپەیمانە عەرەبەکاندا، دواجار ڕازی بوون.

بەرپرسێکی ئەمەریکی گوتی: پێمان گوتن کۆبوونەوەکە دەکەین ئەگەر وڵاتانی عەرەبی سوورن لەسەری، بەڵام ئێمە زۆر گومانمان لە نیازەکانی ئێران هەیە. بەرپرسێکی دیکەش گوتی: ڕازیبوونەکەمان بۆ ڕێزگرتنە لە هاوپەیمانەکانمان و پێدانی دەرفەتێکە بە ڕێگەچاری دیپلۆماسی، بەڵام ئێمە ساویلکە نین.

هاوکات بڕیارە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی کۆشکی سپی و جارید کوشنەر، زاوا و ڕاوێژکاری ترەمپ، ڕۆژی پێنجشەممە بچنە قەتەر و پاشان بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان ڕوو لە عومان بکەن. پێشتریش ویتکۆف لە ئیسرائیل لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەتەوە و زانیاریی هەواڵگریی نوێی لەسەر ئێران پێ دراوە و ناتانیاهۆ جەختی کردووەتەوە کە متمانە بە ئێران ناکرێت.

هەروەها هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، عەباسی عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: گفتوگۆکانی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران لەگەڵ ئەمریکا ڕۆژی هەینی کاتژمێر 10 بەیانی لە مەسقەت بەڕێوەدەچێت.