ترەمپ: دەبێت ئێستا رێبەری باڵای ئێران زۆر لە دۆخەکە نیگەران بێت
دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دەداتە ئێران کە ئەگەر هەوڵی بنیاتنانەوەی بنکە سەربازییەکانیان بدەن، ئەمەریکا دەیانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا و راشکاوانە ڕایدەگەیەنێت کە رێبەری باڵای ئێران دەبێت ترس و نیگەرانییەکی زۆری هەبێت.
چوارشەممە 4ی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ کەناڵی (NBC News) هۆشداریی توند دەداتە تاران و رایدەگەیەنێت، هەر هەوڵێک بۆ بنیاتنانەوەی بنکەکان، وەڵامی توندی ئەمەریکای بەدوادا دێت و دەشڵێت: "خامنەیی دەبێت زۆر نیگەران بێت".
دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بە هەوڵەکانی ئێران بۆ چالاککردنەوەی بەرنامەکانی، پەیامێکی راشکاوانەی ئاراستەی ئەو وڵاتە کرد و گوتی: بابەتەکە بەم شێوەیەیە، ئەگەر جارێکی دیکە هەوڵ بدەنەوە، پێم راگەیاندوون کە دەیانگەڕێنینەوە بۆ خاڵی سەرەتا و هەمان کار دەکەینەوە.
ترەمپ ئاماژەی بە وێرانکاریی بنکە پێشووەکانی ئێران کرد و گوتی: ئەوان هەوڵیان دا بگەڕێنەوە بۆ شوێنی بنکەکە، بەڵام تەنانەت نەیانتوانی لێشی نزیک ببنەوە، چونکە بە تەواوی وێران کرابوو.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاشکرای کرد، ئاگاداری جموجۆڵەکانی ئێران بووە بۆ گواستنەوەی چالاکییەکانیان و گوتی: ئەوان بیرۆکەی ئەوەیان هەبوو لە شوێنێکی دیکەی وڵاتەکە بنکەیەکی نوێ دروست بکەن، بەڵام ئێمە پێمان زانی. منیش پێم گوتن: ئەگەر ئەوە بکەن، کاری زۆر خراپتان بەرامبەر دەکەین
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئێن بی سی کە ئایا دەبێت رێبەری باڵای ئێران لە ئێستادا نیگەران بێت؟"دۆناڵد ترەمپ بە کورتی و راشکاوی وەڵامی دایەوە: دەبێت زۆر نیگەران بێت.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکی، لە زاری بەرپرسانی باڵای واشنتنەوە بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی ئەمریکا پەیامێکی یەکلاکەرەوەیان ئاراستەی تاران کردووە و پێیان راگەیاندوون: "کە واشنتن سازش لەسەر شوێن و شێوازی دیاریکراوی دانوستانەکان ناکات".
ئەو بەرپرسانەی ئاماژەیان بەوە کرد، دانوستانە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان وانشتن و تاران، کە بڕیار بوو هەینی بەڕێوە بچێت هەڵوەشانەوە.