بۆ یەکەمجار پارەی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان بە ڤیزا کارت دابەش دەکرێت
بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بۆ یەکەمجار پرۆسەی دابەشکردنی پارەی پاداشتی کارمەندانی بنکەکانی دەنگدان بە شێوازی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی "ڤیزا کارت"ەوە دەبێت.
خالید عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەر کارمەندێکی سەر سندوقەکانی دەنگدان کارتی تایبەت بە خۆی وەردەگرێت، بەڵام دەستپێکردنی دابەشکردنی پارەکە پەیوەستە بە رێکارەکانی بەغداوە." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان چاوەڕێی بەغدان بۆ ئەوەی ئەو ڤیزا کارتانە کارا بکات و راستەوخۆ دوای کاراکردنی، پارەکە دابەش دەکرێت.
سەبارەت بە بڕی پارەکە و ژمارەی کارمەندان، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆک ئاشکرای کرد، نزیکەی 10 هەزار کارمەند لە سنووری پارێزگای دهۆک لە وەرگرتنی پاداشتەکان سوودمەند دەبن و بڕی دوو ملیار دینار بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکراوە.
لەسەر بڕی ئەو پارەیەی کە هەر کارمەندێک وەریدەگرێت، خالید عەباس روونیکردەوە، پارەکە بەپێی ئەرک و پلەکان جیاواز دەبێت؛ بەشێوەیەک کە هەندێک کارمەند 150 هەزار دینار و هەندێکی دیکە 200 هەزار و هەندێکی دیکەش 300 هەزار دینار وەردەگرن.